Dildar Baykan
23 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
لە دووەمین و دواهەمین دیبەیتی راستەوخۆی کاندیدانی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ-ی کاندیدی کۆماریخواز و جۆ بایدن-ی کاندیدی دیموکراتەکاندا بابەتەکانی سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکی بابەتی سەرەکی دیبەیتەکە بوون و، بابەتی پەیوەندییەکانی رووسیا و چین-ش بووە هۆی دروستبوونی گرژیی.
لە کاتێکدا ماوەیەکی کەمی ماوە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ئەمریکا، کە لە سێی تشرینی دووەمدا بەڕێوەدەچێت، ترەمپ و بایدن لە دیبەیتێکدا کە لە زانکۆی بێلمۆنت لە شاری ناشڤیلا لە ویلایەتی تینیسی لە لایەن پێشکەشکاری ئێن بی سی، کریستن وێڵکەر-ەوە بەڕێوەچوو، رووبەڕووی یەک بوونەوە.
لەو دیبەیتەدا کە بە بابەتی بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ دەستیپێکرد، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە ڤایرۆسەکە لە ماوەیەکی کەمدا لەناودەچێت و، رایگەیاند ''لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا پێکوتەیەکمان لەبەردەست دەبێت بۆ ڤایرۆسەکە''.
ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو کە پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ تەنیا کێشەی ئەمریکا نییە، بەڵکو کێشەی هەموو جیهانە، باسی لەوەیش کرد کە هەموو ئەو رێکاریانەی گرتوویاننەتە بەر لە جێگەی خۆیەتی و رێژەی مردن کەمە.
کاندیدی پارتی دیموکراتەکان بایدن، رایگەیاند ''٢٢٠ هەزار ئەمریکی بەو نەخۆشیە گیانیان لەدەستداوە و شتێکی دیکە نییە من بیلێم. کەسێک کە بەرپرسیاری ئەوەندە مردنە نابێت ببێتە سەرۆکی ئەمریکا''.
لە وەڵامی پرسیاری پێشکەشکاری دیبەیتەکەدا کە پرسی ''گەرەنتی دەدەیت پێکوتە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا بەرهەمبهێنرێت؟'' ترەمپ گوتى: ''ناتوانم گەرەنتی ئەوە بکەم، بەڵام بەدڵنیاییەوە تا کۆتایی ساڵ پێکوتە دەبێت. چانسی یەک دوو کۆمپانیا لەو بارەیەوە بەرزە. ئەو کۆمپانیایانەش بریتین جۆنسنس و جۆنسن، مۆدێرنا و فایزر''.
بایدن ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە ترەمپ پێشتر گوتوویەتی تا پاسکاڵ یان هاوین ڤایرۆسەکە تەواو دەبێت و، گوتی: ''لە ئێستادا دەچینە زستانێکی تاریکەوە و، هێشتا ترەمپ پلانێکی روونی نییە. ئەگەری زۆر نییە پێکوتەکە تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو ئامادە بێت''.
کاندیدی کۆماریخوازەکان ترەمپ، باسی لەوە کرد کە راهاتوون لەژیان کردن لەگەڵ ڤایرۆسەکەدا و، گوتيشی: ''چانسێکی دیکەمان نییە. وەک جۆ ناتوانین خۆمان بخزێنینە لە ژێرزەمینی خانووەکەمان''.
لە بەرامبەر ئەو گوتەیەی ترەمپدا، کاندیدی دیموکراتەکان بایدن رایگەیاند ''دەڵێت کە راهاتووین لە ژیان کردن لەگەڵیدا بەڵام خەڵکی دەمرن. ئەمڕۆ لەسەر مێزی نانخواردنی بەیانی ژمارەیەکی زۆر خەڵکدا کورسی چۆڵ هەبوو''.
دوای ئەوەی بایدن بە ترەمپی گوت پێویستە بەرپرسیارێتی هەڵگرێت، ترەمپ رایگەیاند ''من بەرپرسیارێتی هەڵدەگرم، بەڵام ئەوە تاوانی من نییە، بەڵکو تاوانی چینە''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەوەی کە ئایا لە حاڵەتی پێشنیارکردندا وڵات گەرەنتینە دەکات یان نا، کاریگەری ئابووریی ئەوە چی دەبێت، بایدن گوتی: ''من ڤایرۆسەکە کەرەنتینە دەکەم نەک وڵات''.
هاوکات کاندیدەکان یەکتریان تۆمەتبارکرد بەوەی کە هێشتا پاکێچی هاندانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ بە کۆنگرێسدا تێنەپەڕیوە.
لە بەرامبەر گوتەیەکی بایدندا کە باسی لەوە کرد ترەمپ رێوشوێنی پێویستی نەگرتووەتەبەر، ترەمپ گوتى: ''تەماشایەکی نیویۆرک بکەن. لەبەردەستی دیموکراتەکاندایە بەڵام بوەتە شاری تارمایی. دەیان هەزار کەس لە خانەکانی بەساڵاچواندا گیانیان لەدەستدا. ویلایەتەکانی دیکەی دیموکراتەکان بەهەمان شێوەیە''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی راگەیەندراوی ئێف بی ئای و دی ئێن ئای کە دەڵێن رووسیا و ئێران هەوڵیانداوە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، بایدن رایگەیاند: ''جیاوازی نییە کامیان بێت، هەر وڵاتێک بیەوێت دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکادا بکات باجەکەی دەدات''.
لە کاتێکدا بایدن ترەمپی تۆمەتبار کرد بە هەڵنەگرتنی هەنگاوی پێویست لەبارەی رووسیا و ئێران، ترەمپ رایگەیاند: ''جۆ ٣،٥ ملیۆن دۆلاری لە رووسیا وەرگرتووە، منیش یەک سەنتم وەرنەگرتووە''. لە بەرامبەردا بایدن رایگەیاند: ''من بە درێژایی تەمەنم یەک سەنتم لە هیچ وڵاتێک وەرنەگرتووە''.
لە دیبەیتەکەدا ئەو بانگەشانە هاتنە رۆژەڤەوە کە باس لە پەیوەندییەکانی بایدن دەکەن لەگەڵ کۆمپانیایەکی وزەی ئۆکرانی و چین-دا لەکاتێکدا جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە، کە ئەوەش وەک دەگوترێت لەو ئیمەیڵانەدا دەرکەوتووە کە لە کۆمپیوتەری کوڕەکەی بایدن، هانتەر بایدندا هەبووە.
ترەمپ لەسەر ئەو بانگەشانە رۆشت کە باس لە هاوبەشەکەی کوڕەکەی بایدن، هانتەر بایدن و چین دەکەن و، گوتی: ''بایدن قەرزداری روونکردنەوەیەکە بۆ گەلی ئەمریکا''.
دوای ئەوەی بایدن باسی لەوە کرد کە ترەمپ تۆمارەکانی باجی خۆی نەخستووەتەڕوو، ترەمپ رایگەیاند: ''لە کاتێکی نزیکدا تۆمارەکانی خۆی بڵاودەکاتەوە''.
هەروەها بایدن سەبارەت بە بابەتی ئۆکرانیا، رایگەیاند: ''تاکە کەسێک کە نێگەتیڤانە لەبارەی منەوە شت بە ئۆکرانیا بڵێت ئەم پیاوەیە (ترەمپ)''. ئەوەشی خستەڕوو کە کاتێ جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە هەنگاوێکی هەڵەی نەناوە و، کوڕەکەشی هیچ قازانجێکی لە چینەوە دەستنەکەوتووە.
لە کاتێکدا بایدن باسی لەوە کرد کە ئەگەر بە سەرۆک هەڵبژێردرێت هەوڵ دەدات بۆ راکێشانی چین بۆ ستاندارتە نێودەوڵەتیيەکان، ترەمپ باسی لەو باجی گومرکیيانە کرد کە بەسەر چیندا سەپاندوونی.
ترەمپ باسی لەوە کرد کە کاتێ بووەتە سەرۆکی ئەمریکا وڵاتەکەی لەگەڵ کۆریای باکووردا لە لێواری جەنگدا بووە، بەڵام ئەو رێگربووە لە مردنی ٣٢ ملیۆن کەس. بایدنیش جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دەبێت لەسەر کۆنترۆڵکردنی چالاکیيە ئەتۆمییەکانی کۆریای باکوور.
سەبارەت بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ رێبەری کۆریای باکوور، کیم جۆنگ-ئون، ترەمپ رایگەیاند: ''بوونی پەیوەندی باش لەگەڵ رێبەرانی وڵاتانی دیکە شتێکی باش''. لە بەرامبەردا بایدن گوتی: ''ئەوە وەک ئەوە وایە بڵێیت پێش ئەوەی هیتلەر ئەورووپا داگیر بکات پەیوەندی باشمان لەگەڵی هەبوو''.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا گفتوگۆ لەگەڵ کیم جۆنگ-ئون دەکات یان نا، بایدن رایگەیاند: ''بە مەرجی کەمکردنەوەی توانای ئەتۆمی گفتوگۆی لەگەڵ دەکەم. پێویستە نیمچەدوورگەی کۆریا داماڵدرێت لە ئەتۆم''.
هەروەها سەبارەت بە سیستمی تەندروستیی، کاندیدەکان رەخنەی توندیان ئاڕاستەی یەکتر کرد.