11 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
رابەری باڵای ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی داوای لە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی کرد کە لێکۆڵینەوە لەو کەمتەرخەمییە بکات کە بووتە هۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە.
دوای ئەوەی کاربەدەستانی ئێران بەرپرسیاریەتی وڵاتەکەیان لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکە راگەیاند، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
رابەری باڵای شۆڕشی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە راگەیەندراوەکەدا نیگەرانی خۆی لەبارەی رووداوەکەوە نیشانداوە و هەروەها سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی رووداوەکە کردووە.
هەر لە راگەیەندراوەکەدا، ئایەتوڵڵاعەلی خامنەیی داوای لە سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای وڵاتەکەی کردووە کە لێکۆڵینەوە لە کەمتەرخەمی لە خستنەخوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەدا، بکات.
هەروەها ئایەتوڵڵاعەلی خامنەیی داوای لە کاربەدەستان کردووە وردبینانە چاودێری ئاسمانی وڵآت بکەن بۆ ئەوەی رووداوی لەوجۆرە دووبارە نەبێتەوە.
پێشتر سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئێران رایگەیاندبوو، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەی بە هەڵە فڕۆکە ئۆکراینییەکەی لە کاتی تێپەڕبوونی بە ئاسمانی ناوچەیەکی سەربازیی، خستووەتە خوارەوە.
لە ٨ی ئەم مانگە فڕۆكهیهكی سەربە هێڵی ئاسمانی ئۆكراینا له جۆری "Boeing 737" کە له فڕۆكهخانهی ئیمام خومهینی تارانەوە بهرهو كییڤ-ی پایتهختی ئۆكراینا گهشتی دەکرد، دوای ماوەیەکی کەم لە فڕینی بههۆی كێشهی تهكنیكییهوه لە تاران كهوتەخوارهوه.
دوای رووداوەکەش گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی ئێران، قاسم بینیاز رایگەیاندبوو کە سەرجەم ١٧٦ سهرنشینەکەی ناو فڕۆكهکەی سەربە هێڵی ئاسمانی ئۆكراینا كه له نزیک تارانی پایتهخت كهوتهخوارەوە، گیانیان لەدەستداوە.