Ahmet Dursun,Muhammet Ali Kemal
06 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2018
ئەنقەرە - AA
رابەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی ئاشکرایکرد دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە پشتیوانیی دارایی ژمارەیەک لە وڵاتە عەرەبییەکان دەستیانکردووە بە "جەنگی راگەیاندن" دژی ئێران بە مەبەستی درووستکردنی کەشی نائومێدیی لە وڵات.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن ئۆفیسی راگەیاندنی رابەری باڵای شۆڕشی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە عەلی خامنەیی لەگەڵ ئەندامانی ئەنجوومەنی شارەزایان کە سەرکۆماری ئێران، حەسەن روحانی-شیان لەنێودابووە، کۆبووەتەوە.
لە گوتارێکدا خامنەیی باسی لەو زانیارییە هەواڵگرییانە کردووە کە بەدەستیان گەیشتووە و رایگەیاندووە "بەپێی ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی لەبەردەستماندان، دەزگا سیخوڕییەکانی ئەمریکا و زایۆنیستەکان، بە پشتیوانیی دارایی ژمارەیەک لە وڵاتە دەوڵەمەندە عەرەبییەکان، خۆیان رێکخستووە بۆ ئەوەی جەنگی میدیا دژی ئێران دەستپێبکەن".
باسی لەوەشکرد ئەو رێکخستنانەی دایانمەزراندووە دەستیان بە کاری جددی کردووە و ئەمریکا و ئیسرائیل دەیانەوێت لەو رێگەیەوە نائومێدیی لەنێو خەڵکدا بڵاوبکەنەوە، خەڵک بەگژ یەکتردا و بەگژ دەوڵەتەکەیاندا بکەنەوە، یاریی بە مێشکی دانیشتوان بکەن بەوەی کە زیادەڕۆیی بە کێشە ئابوورییەکانەوە بکەن.
خامنەیی تیشکی خستەسەر کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکەی و جەختی لەوەکردەوە کە دابەزینی نرخی تمەن و قەیرانی دراو، ئەنجامێکی ئەو جەنگەن کە لە رێگەی میدیاوە دژی وڵاتەکەی ئەنجامدەدرێت و گوتوویەتی:
"جەنگ و پڕوپاگەندەی ئەوانەی خوازیاری خراپەن بۆمان و لە رێگەی میدیاوە ئەنجامیدەدەن، کاریگەریی درووستکردووە. پێویستە وریابین. نەبینە هاوکاری ئەو پڕوپاگەندانەی دەیانەوێت یاریی بە مێشکی گەلەکەمان بکەن".
ئێران دوای ئەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی تاکلایەنە رۆژی هەشتی ئایار لە رێککەوتننامە ئەتۆمییەکە کشایەوە و سزای بەسەر ئەو وڵاتەدا سەپاند، حکوومەتی تاران بەرەوڕووی گرفت لە سیستمی بانکی نێودەوڵەتیی و هەناردەکردنی نەوت بوویەوە و ئەم کێشە ئابوورییانەش بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناوە ناوەی پرۆتستۆ و ناڕەزایەتیی دانیشتوان.
لە ئێستادا لە بازاڕی ئازاددا هەر دۆلارێک بە نزیکەی ١٣ هەزار و ٨٠٠ تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت و ئەو دراوە لە مانگی نیسانەوە تا ئێستا نزیکەی لەسەدا ١٣٠ نرخەکەی لەدەستداوە.