AA
20 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2019
تاران ــ AA
رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی رایگەیاند كە گەلی وڵاتەكەی لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە نییە كە ئێستا ئەنجام دەدرێن و، ئەوە تەنها پرسێكی ئەمنییە.
عەلی خامنەیی لە میانی دیدارێكیدا لەگەڵ كرێكارانی ئێران لە شاری تاران گوتارێكی پێشكەشكرد و تیادا باسی لەو خۆپیشاندانانە كرد كە ئێستا بەهۆی گرانكردنی نرخی بەنزینەوە لە چەند شارێكی ئەو وڵاتە ئەنجام دەدرێن.
رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوەشكرد كە لە میانی رووداوە ئەمنییەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردوودا، ئێران بە سەربازی و سیاسی بەرپەرچی دوژمنانی داوەتەوە و گوتی: "با دۆستان و دوژمنان باش ئەوە بزانن كە گەلی ئێران لە پشت ئەو خۆپیشاندانانەوە نییە كە ئێستا ئەنجام دەدرێن و، ئەوە تەنها پرسێكی ئەمنییە".
عەلی خامنەیی گوتیشی: "لە زۆر بواردا شكستمان بە دوژمنان هێناوە، بەهەمان شێوە لە بواری ئابووریشدا شكستیان پێ دەهێنیین".
رابەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی باسی لە سزاكانی ئەمریكاش كرد بۆسەر وڵاتەكەی و گوتی: "ئەوە سوودی نییە چاوەڕوان بكرێت سەرۆكی ئەمریكا، (دۆناڵد ترەمپ) سزاكان هەڵگبرێت، بەڵكو ئەوەی گرنگە كار بكرێت بۆ پاراستنی وڵات لە كاریگەری سزاكان".
عەلی خامنەیی ئەوەشی وەبیرهێنایەوە كە لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپدا بەهۆی ئابوورییەوە وڵاتانی جیهان لەگەڵ یەكتردا رووبەڕووی جەنگی بازرگانی بوونەتەوە.
لە ئابی 2018دا واشنتۆن سزای ئابووری بەسەر ئێراندا سەپاند دوای ئەوەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە 2015دا كشانەوەی وڵاتەكەی لە رێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێراندا راگەیاند.
لە رۆژی ھەینی رابردووەوە بەھۆی بڕیاری حكوومەتی ئێران بۆ گرانكردنی نرخی بەنزین، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین تەواوی وڵاتەكەی گرتووەتەوە.
دوێنێ رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاندبوو لە خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند رۆژەی ئێران دژی بەرزكردنەوەی نرخی بەنزین، زیاتر لە ١٠٦ خۆپیشاندەر لەسەر دەستی ھێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتە كوژراون.
بەپێی میدیاكانی ئێران لە سەرەتای دەستپێكردنی خۆپیشاندانەكانەوە تا ئێستا هەزار خۆپیشاندەر لە لایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستگیركراون، جگە لەوەش ١٠٠ بانك و ٥٠ شوێنی بازرگانی و دەیان ئۆتۆمبێل لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێندراون.