Ahmet Dursun,Muhammet Ali Kemal
07 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2017
ئیستابوڵ- AA
رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، ئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی، ئاشکرایکرد سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لەرێگەی ئەو کارانەی کە لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دوای گرتنە دەستی دەسەڵات ئەنجامیدا، رووی راستەقینەی ئەمریکای نیشاندا.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە ماڵپەڕی رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بڵاوکراوەتەوە، عەلی خامنەیی لەتاران چاوی بە فەرماندەکانی هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی کەوتووە و لەگوتەیەکدا باسی روونکردنەوەکانی دۆناڵد ترەمپی سەبارەت بە ئێران کردووە.
خامنەیی رایگەیاندووە ''سوپاسی ئەو کەسە دەکەین (ترەمپ) کە تازە دەستبەکاربووە. ئەو لەرێگەی ئەو کارانەی کە بەدرێژایی ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و دوای دەستبەکاربوونیشی ئەنجامیدا، دروستیی گوتەکانی ئێمەی سەبارەت بە بەها سیاسیی، ئابووریی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەمریکا، سەلماند''.
رابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە بەهۆی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپەوە کە یاساغی خستەسەر گەشتکردنی هاووڵاتییانی حەوت وڵات بۆ ئەمریکا، مناڵێکی تەمەن 5 ساڵان کە لەگەڵ خێزانەکەیدا گەشتی ئەو وڵاتەی دەکرد، قۆڵبەستی کرد و رایگەیاند ''قۆڵبەستی کردنی منداڵێکی تەمەن 5 ساڵ، رووی راستیی مافەکانی مرۆڤ لە ئەمریکا دەردەخات''.
عەلی خامنەیی لەبەرامبەر گوتەکانی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپدا کە گوتبووی ''دەبێت ئێران قەرزاری ئۆباما بێت''، رایگەیاند ''بۆچی منەتبار و قەرزاربین؟ بۆ داعش؟ بۆ ئەو ئاگرەی کە لەسووریا و عێراق هەڵیگیرساند؟ یان بۆ ئەو پشتیوانییەی کە لە فیتنەگێڕییەکەی 88 (ئەو رووداوانەی دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2009 روویاندا)ی کرد؟ ئەو ژمارەیەک سزای بەسەردا سەپاندین کە ئیفلیجکەر بوون. بەڵام هیچ کەسێک ناتوانێت گەلی ئێران ئیفلیج بکات''.