Muhammet Ali Kemal
07 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2017
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاشکرای کرد رژێمی بەشار ئەسەد لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریاوە لە مانگی ئەیلوولی 2011دا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2015 لە گرتووخانەی سەربازیی سەیدنایا 5 بۆ 13 هەزار کەسی کە زۆرینەیان هاووڵاتیی سڤیل بوون، بەبێ دادگاییکردن لەسێدارەداوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی راپۆرتێکێ لەژێر ناوی ''سووریا: کوشتارگەی مرۆڤەکان: لەناوبردن و کوشتنی بەکۆمەڵ لە گرتووخانەی سەیدنایا لە سووریا'' بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە راپۆرتەکە دوای سازکردنی چاوپێکەوتن لەگەڵ هەریەک لە گاردەکانی پێشووی کۆماریی، دادوەران، دکتۆرەکان، پارێزەران و شارەزایانی نێودەوڵەتی ئامادەکراوە.
هەروەها تێیدا هاتووە ''وا دەخەمڵێنرێت کە لەنێوان مانگی ئەیلوولی 2011 تا کانوونی یەکەمی 2015، 5-13 هەزار کەس بێ دادگاییکردن لەسێدارەدراون''.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەدا باسی لەوەکردووە، دەستگیرکراوەکان لەنیوەشەودا و بەچاوی بەستراوەوە، سواری بارهەڵگر کراون و براونەتە بینایەک و لەوێ لە رێگەی هەڵواسینەوە، لەسێدارەدراون، هەروەها تێیدا هاتووە ''هەفتانە 1 یان 2 جار، 20-50 کەس بەو شێوەیە هەڵواسراون''.
لە راپۆرتەکەدا نووسراوە کە ''قوربانییەکان زۆرینەیان لەو هاووڵاتییە سڤیلانە بوون کە بەتۆمەتی دژایەتییکردنی حکوومەت دەستگیرکرابوون'' و تێیدا هاتووە: ''هەزارەها مرۆڤ، لەنیوەشەودا و بەبێ دادگاییکردن، بەشێوەیەکی نهێنی و بەکۆمەڵ لەسێدارەدراون. هەروەها لە گرتووخانەی سەربازیی سەیدنایا، ژمارەیەکی زۆری دیکە لەو کەسانەی دەستگیرکرابوون، دوای ئەوەی بەشێوەیەکی بەردەوام ئەشکەنجە دەدران، بەبەرنامە برسی، تینوو، بێ دەرمان و چارەسەری پزیشکی دەکران و بەو جۆرەش گیانیان لەدەستدەدا. ئەو کەسانەی لە گرتووخانەی سەیدنایا کوژراون لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا نێژراون''.
لە درێژەی راپۆرتەکەدا هاتووە: ''فەرمانی لەسێدارەدانەکان لەلایەن باڵاترین بەرپرسانی حکوومەتەوە دەدرا. سزای لەسێدارەدانەکان دواتر لەلایەن موفتی گەورەی سووریا یان وەزیری بەرگریی لەجیاتی بەشار ئەسەد، یاخود لەلایەن سەرۆکی ئەرکانی سوپاوە پەسەند دەکران''.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتەکەدا داوای لە بەرپرسانی سووریا کردووە لەسێدارەدانەکان بەبێ دادگاییکردن، ئەشکەنجە و مامەڵەی دژە مرۆڤایەتی لە گرتووخانەی سەیدنایا و هەموو گرتووخانەکانی دیکەی رژێمدا، رابگرن.