Azat Muhammet
07 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 08 شوبات 2017
دهۆک-AA
ئەمڕۆ لە فێرگەى سەربازى خنس لە شارۆچکەى شێخان ئاهەنگى دەرچوونى یەکەمین خولى مەشق و راهێنان کردنى سەربازى بەلیوایەکى پێشمەرگەى عەرەب بەرێوەچوو، دواى خوێندنى سروودى ئەى رەقیب و خولەکێک وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانى شەهیدان، ئەو لیوایەى پێشمەرگەى عەرەب کە ژمارەیان هەزار پێشمەرگە بوو دەستیان کرد بەڕێوەڕەسمى کۆتایی هێنان بەخولەکە، لەژێر ئاڵاى هەرێمى کوردستان و ئاڵاى عێراق مانۆڕێکى سەربازییان نمایش کرد.
دواتر لە وتارێکدا فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى، لیوا عەزیز وەیسى رایگەیاند "رووداوێکى گەورەیە کە ئەو شوێنانەى لە دەست داعش رزگارمان کردووە جارێکى دیکە ژیان تیایدا دەست پێ دەکاتەوە و خەڵکەکە خۆى سەقامگیرى ناوچەکە بپارێزێت. لێرەدا دەمەوێت سوپاسى سەرۆکى هەرێمى کوردستان بکەم کە خودى خۆى تواناى بەئێمەدا کە هەڵبستین بەیارمەتیدانى هاووڵاتییانى ئەو ناوچانە تاوەکو بتوانن خۆیان سەروەرى خۆیان و کەرامەتى خۆیان لەدەست دوژمن و تیرۆریستان بپارێزن، هیچ دەرفەتێکیش بۆ تیرۆر نەڕەخسێت تاوەکو جارێکى دیکە خاکى کوردستان داگیر بکات".
لیوا عەزیز وەیسى بەزمانى عەرەبى سوپاسى شێخى هەموو ئەو هۆزە عەرەبانەى کرد کە ئامادەى رێوەڕەسمەکە بوون کە شێخى هۆزى جبوور، جحێش و شەممەر لە ناوچەکانى رەبیعە، زوممار و عیازییە ئامادەبوون و گوتى: "بەڕاستى شێخى ئەو هۆزە عەرەبانە ئاسانکارییەکى تەواویان بۆ کردین تاوەکو بتوانین ئەم پڕۆسەیە بەسەرکەوتوویی تەواو بکەین، سوپاسیان دەکەین کە باوەڕی تەواویان بەسەرۆکى هەرێمى کوردستان، مسعود بارزانى و سەرکرادیەتى کورد و فەرماندەیی زێرەڤانى هەیە، سوپاسى دەمودەزگاکانى حزبى و حکومى دەکەین".
فەرماندەى فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى لە وتارەکەیدا ئاماژەى بەوەدا کە ئەگەر یەکگرتن و یەکڕێزى هەبێت، دەتوانین رووبەڕووى تیرۆریستان ببینەوە، هەروەها لە ئەنجامى ناکۆکى ناوخۆیی و ململانێکان هەل بۆ دوژمن و تیرۆریستان دەڕەخسێت، بەڵام ئەمە قۆناغێکى نوێی گرنگە لیوایەکى پێشمەرگەى عەرەبمان پێکهێناوە، ئەمەیش دەگەڕێنینەوە بۆ هەوڵەکانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، چونکە جەنابیان ئەو کەسەیە کە دەتوانێت هەموو گەلى عێراق لەم دۆخە نەخوازراوە رزگار بکات بۆیە لە هەموو کەسێک زیاتر بووەتە جێگەى متمانەی هەموو چین و توێژەکانى عێراق بەبێ جیاوازى".
لە پەراوێزى بەرێوەچوونى رێوەڕەسمەکە فەرماندەی فەرماندەیی پێشمەرگەى زێرەڤانى بۆ ئاژانسى ئانادۆلو گوتى: "هیچ جیاوازییەکەمان لەنێوان پێکهاتەکانى ناوچەکانى رەبیعە، زوممار و عیازییە نەکردووە، رەنگە کوردیش لە رێزى ئەو پێشمەرگە عەرەبانە هەبێت، مەبەستمان پاراستنى ناوچەکان لە تیرۆریستانى داعش و هەموو دوژمنێک، خەڵکى ناوچە خۆیان بەرگرى لە گوند و شاردێ و شارۆچکەکانى خۆیان دەکەن لە سنوورەکەدا، چیتر دەرفەت بۆ ئەو گرووپانە نامێنێت کە بۆ تۆڵە کردنەوە یان چەوساندنەوە یان بۆ هەر شتێکى دیکە روو لە ناوچەکە بکەن".
گوتیشى: "ئەم لیوایە لەژێر ناوى لیواى یەکى جەزیرە دامەزراوە لەلایەن فەرماندەیی زێرەڤانى مەشق دراون و سەرکەوتووانە لەسەر هەموو جۆرە چەکێک راهێنراون. بەهەموو توانایەک پاڵپشتییان دەکەین بۆ ئەوەى سەرکەوتوو بن، لەمڕۆ بەدواوە پێشمەرگانە ئەرکیان پێ دەسپێردرێت لە ناوچەکانى زوممار و رەبیعە و دەورووبەرى و دواتر لە هەرشوێنێک پێویست بێت ئەرکیان پێ دەسپێرین".
ئاشکراشى کرد کە لیواى یەکى جەزیرە لە هەزار پێشمەرگە پێکهاتوون و، زیاتر لە هەزار پێشمەرگەى دیکەیش ناونووس کراون، بەشێکن لە پێشمەرگەى زێرەڤانى مەشق و راهێنان بەم هێزانە بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەى پێویست بێت و گوتی: "ئەوەى راستى بێت ئێمەیش وەک حزبى بەعس، یان رژێمە یەک لە دوا یەکەکانى عێراق بیر ناکەینەوە کە بڵێین لە کۆندا کورد دەبووە سەربازى عێراق، ئێستا عەرەب دەبێت بەسەربازى کورد. بەڵکو ئەمە لەسەر داواى هۆزە و نوێنەرانى عەرەب بووە لە بەڕێز بارزانى و سەرکردایەتى کورد بەگشتى".