حەماس: "پابەندین بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی غەززە"

Gazze
ئیستانبوڵ - AA
حەماس جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بە کۆتایی ھێنان بە جەنگ لە غەززە، پاراستنی ئاگربەست و دەستپێکردنی پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە دووپات کردەوە.
بەرپرسی کەرتی ڕۆژئاوای حەماس، زاھیر جەبارین لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی، ئاماژەی بەوە کرد حەماس پابەندە بە ڕێککەوتنی ئاگربەست کە لەگەڵ ئیسرائیل بە نێوبژیوانی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی بەدەست ھاتووە و، پرۆسەی سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی کەرتی غەززە دەست پێدەکات.
ڕاشیگەیاند: "وەک بزووتنەوەکە پابەندین بە جێبەجێ کردنی ئەو ڕێککەوتنەی گەرەنتی وەستانی جەنگ، پاراستنی گەلەکەمان لە ھێرشەکان و دەستپێکردنی سەرلەنوێ بنیاتنانەوە دەکات. ھیچ سەرپەرشتییەکی نێودەوڵەتیی لەسەر گەلەکەمان قبوڵ ناکەین".
جەبارین جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێستا کاتی ئەوە ھاتووە دان بە گەلی فەڵەستین بدرێت چارەنووسی خۆی دیاری بکات و دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنێت و، گوتی: "ئەمڕۆ جیھان ڕووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە بووەتەوە. ئەوانەی دەخوازن ئاشتیی بۆ ناوچەکە بەدیبهێنن، دەبێت بە جێبەجێ کردنی ھەڵوێستی ھاوبەشی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، بە دەستەبەرکردنی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین و چارەسەر کردنی پرسی دیلەکان، دڵنیایی بدەن کە ھەموو دەستبەسەرکراوانی دیکە بەبێ جەنگ ئازاد دەکرێن".
هەروەها جەبارین داوای کرد بەھۆی ئەو جینۆساید و پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ کە لە کەرتی غەززە ئەنجام دراون، سەرکردە ئیسرائیلییەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی دادگایی بکرێن، بەتایبەتی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاھو.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن