Muhammet Kurşun,Mohammed Baqi Hussein
10 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2019
تاران - AA
سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی رایگەیاند، راگەیاندنی سوپای پاسدارانی بە رێكخراوێکی تیرۆریستی تەنها بریتییە لە پڕوپاگەندەیەك و حكوومەتی ئەمریکا نایەوێت هەنگاوێكی دیكە بنێت لەوبارەوە.
دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، حەسەن روحانی لە وتارێكدا راگەیاندنی سوپای پاسداران بە رێكخراوێکی تیرۆریستی لە لایەن ئەمریكاوە هەڵسەنگاند.
سەركۆماری ئێران رایگەیاند، ئەمریكا لە میانی 40 ساڵی رابردوودا بەتەواوی هێزیەوە دژایەتیی سوپای پاسدارانی كردووە و لە دوایین هەنگاویدا شتێكی تازەی ئەنجام نەداوە و گوتی: "راگەیاندنی سوپای پاسداران بە رێكخراویکی تیرۆریستی لە لایەن ئەمریكاوە، تەنها بریتییە لە دروشمێكی سیاسی و پڕۆپاگەندەیەك. بەم هەنگاوە دەیانەوێت فشارێكی دەروونی و ئابووری بخەنە سەر ئێران".
حەسەن روحانی بەم جۆرە بەردەوام بوو لە قسەكانی:
"حكوومەتی ئەمریكا باش دەزانێت ئەگەر هەنگاوێك زیاتر بنێت لەو دروشمانەی دەیانڵێت، رووبەڕووی چ بەڵایەك دەبێتەوە. لەبەرئەوە پێم وا نییە ئەو نەزانییە ئەنجام بدات و بیەوێت هەنگاوێكی دیكە بنێت".
سەركۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدا كە تەواوی هەنگاوەكانی ئەمریكا پێچەوانەی بڕیارە نێودەوڵەتییەكانە و گوتی: "ئێوە لە ئیسرائیل پشتیوانیی كەسێك و پارتێك دەكەن، لەبەرئەمەش لە چەندین كاری گەمژانەوە تێوەدەگلێن. دەڵێن بەرزاییەكانی جۆلان بەشێکە لە ئیسرائیل و سوپای پاسدارانیش دەخەنە لیستی تیرۆرەوە".