Esat Fırat,Mustafa Deveci,Ramal Abdullah Mahmood,Muhammet Ali Kemal
10 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2019
قودس – AA
كۆمیسیۆنی ناوه‌ندی هه‌ڵبژاردنەکان لە ئیسرائیل جیاكردنه‌وه‌ی له‌سه‌دا ٩٤ی ده‌نگه‌كانی هه‌ڵبژاردنە پێشوەختەکەی راگه‌یاند و به‌پێی ئه‌نجامه نافه‌رمییه‌كان ته‌نها ١١ له‌و ٤١ پارته‌ی به‌شداری هه‌ڵبژاردنه‌كه‌یان كردووه توانیوویانه به‌ربه‌ستی له‌سه‌دا ٣،٢٥ ببڕن.
رێژه‌ی به‌شداریکردن به‌راورد بە هه‌ڵبژاردنی پێشوو كه‌می كردووه و ته‌نها له‌سه‌دا ٦٤،٦٥ له كۆی زیاتر له شه‌ش ملیۆن و ٣٠٠ هه‌زار ده‌نگده‌ر به‌شدارییان له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی دوێنێدا كردووه. له كاتێكدا له هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ی ٢٠١٥ رێژه‌ی به‌شداریكردن له‌سه‌دا ٧١،٨ بوو.
هه‌رچه‌ند به‌پێی جیاكردنه‌وه‌ی ده‌نگه‌كان پارته‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاهو "لیكود" به ده‌نگێكی كه‌م به پێش پارته‌كانی دیكه‌یش كه‌وتبێت ئه‌نجامه‌كان له رووی دابه‌شبوونی كورسییهكانهوه دوو لایه‌نه ركابه‌ره‌كه هێنده‌ی یه‌ك ژماره‌ی كورسییان به‌ده‌ست هێناوه.
به‌م پێیه هه‌ریه‌ك له پارتی لیكود به سه‌ركرایه‌تی ناتانیاهو و هاوپه‌یمانی "شین و سپی"-یش به سه‌ركردایه‌تی سه‌رۆكی ئه‌ركانی پێشوو، بێننی گانتز و یائیر لاپید ٣٥ نوێنه‌ریان ده‌بێت له په‌رله‌مان.
- چاوه‌ڕێی پێكهێنانی حكوومه‌تی هاوپه‌یمانی ده‌كرێت
پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت له ئیسرائیل پێویستی به ٦١ کورسی هه‌یه له كۆی ١٢٠ کورسی. له‌به‌ر ئه‌وه‌ش كه به‌پێی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردن هیچ پارتێك به‌ته‌نها ئه‌و زۆرینه‌یه‌ی به‌ده‌ست نه‌هێناوه كه بتوانێت حكوومه‌ت پێكبهێنێت، حكوومه‌تی هاوپه‌یمانیی چاوه‌ڕێی ئیسرائیل ده‌كات.
سه‌رۆكی ئیسرائیل، رئوڤێن ریڤلین له سبه‌ی پێنجشەممەوە، ده‌ست دەکات به كۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و پارتانه‌ی كه مافی چوونه ناو په‌رله‌مانیان به‌ده‌ستهێناوه.
رئوڤێن ریڤلین ده‌توانێت به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای ئه‌وه بكات كه چ پارتێك پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێناوه، ئه‌و سه‌ركرده‌یه بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی هاوپه‌یمانیی راده‌سپێرێت كه له هه‌موویان له پێكهێنانی هاوپه‌یمانیی نزیكتره.
له‌دوای راگه‌یاندنی ئه‌نجامه فه‌رمییه‌كان ئه‌وه روون ده‌بێته‌وه کە رئوڤێن ریڤلین كام یه‌ك له سه‌رۆكی لیكود، ناتانیاهو یان گانتز بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت راده‌سپێرێت.
پێویسته له‌دوای راسپاردنی، سه‌ركرده‌ی ئه‌و پارته له ماوه‌ی ٢٨ رۆژدا حكوومه‌تی هاوپه‌یمانیی پێكبهێنێت، به‌ڵام سه‌ركرده‌ی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت، مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه داوای دوو هه‌فته ماوه‌ی زیاده بكات.