Zana Natık Kerem
10 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 11 نیسان 2019
واشنتۆن ــ AA
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لە نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان فشارەکانی سەر ئێران و مافەکانی مرۆڤ تاوتوێکران.
کۆشکی سپی راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەداوە کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە سەرەتا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، رۆڵی سعوودیە کە بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەیگیرێت تاوتوێکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە کە لە بەشێکی دیکەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، دۆناڵد ترەمپ و محەمەد بن سەلمان لەبارەی چۆنیەتی توندترکردنی فشارەکانی سەر ئێران و گرنگی پرسەکانی مافەکانی مرۆڤ گفتوگۆیان کردووە.
دوێنێ سێشەممە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ رایگەیاندبوو کە ناوی ١٦ کەسایەتی سعوودی خستووەتە لیستی سزاکانەوە کە رۆڵیان ھەبووە لە تاوانی کوشتنی جەمال خاشقجی-دا، ھەروەھا ئاماژەی بەوەشدابووکە ئەو ١٦ کەسە چوونیان بۆ ئەمریکا قەدەغەکراوە.
سزادانی ئەو ١٦ کەسە لە لایەن ئەمریکاوە، دوای تێپەڕبوونی شەش مانگ بەسەر کوشتنی جەمال خاشقجی-دا دێت کە لە دووی تشرینی یەکەمی ٢٠١٨دا، ئەنجامدرابوو.