Yakoota Al Ahmad,Ekrem Biçeroğlu
14 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2024
عەدەن - AA
حووسییەکان کە ئێران پشتیوانیان دەکات، بڵاویانکردەوە لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە دەریای سوور و دەریای عومان بە مووشەکی باليستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان سێ کەشتیان کردووەتە ئامانج.
گوتەبێژی سەربازیی حووسییەکان، یەحیا سەریع لە گوتارێکیدا کە لە تەلەڤيزیۆنی یەمەندا بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوە کرد لە دەریای سوور و دەریای عومان سێ ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجامداوە.
سەریع باسی لەوە کرد کە حووسییەکان لە دەریای عومان بە مووشەکی باليستی هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەک بە ناوی ڤیربینا و کەشتییەکە ئاگری گرتووە.
هەروەها سەریع باسی لەوە کرد لە دەریای سوور بە مووشەکی باليستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکان بە ناوی سیاگاردیان و ئاسینا بەڵام زانیاری سەبارەت بەو ڕێکخراوانە نەدا کە خاوەنی کەشتییەکەن.
سەریع ئەوەیشی خستەڕوو هێرشەکان وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ستەمی سەر گەلی فەڵەستین و هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ سەر یەمەن ئەنجامدراون.
گوتیشی: "تا ئیسرائیل هێرشەکانی ڕانەگرێت و گەمارۆی سەر گەلی فەڵەستین هەڵنەگیرێت، ئەم هێرشانە بەردەوام دەبن".