Ekrem Biçeroğlu
14 حوزەیران 2024•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2024
ئیستانبوڵ - AA
کۆمیسیاری گشتی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەھاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستین (UNRWA)، فیلیپ لازارانی هۆشداریدا لەوەی ئەگەر لە کەرتی غەززەدا ئاگربەست فەراهەم نەکرێت، ئەوا نەوەیەک لەناودەچێت.
لە پەیامێکیدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس فیلیپ لازارانی ئاماژەی بەوە کردوە، لە شەڕ و پێکدادان و جەنگەکاندا منداڵان یەکەم و قورسترین ئازار دەچێژن، لە غەززەش دۆخەکە جیاواز نییە.
لازارنی باسی لەوە کرد کە منداڵان ئەو شتانەیان بەسەردا دێت کە پێویستە لە هیچ شوێنێکی جیهان منداڵ نەیبینێت و بەسەریدا نەیەت، گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆر کەس کوژران و برینداربوون، ئەو کەسانەشی لە ژیاندا ماون تووشی زەبرێکی قووڵ بوون".
هەروەها لازارانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیلدا قوتابخانەی منداڵان ڕووخاون و هەموویان سالێکی خوێندیان بە بێ خوێندن و یاری لەدەستچووە.
گوتیشی: "هێرشەکان منداڵیی لە منداڵانی غەززە زەوتکردووە و پێویستە ئاگربەست ڕابگەیەندرێت، چونکە ئەگەر ئاگربەست لە غەززە نەکرێت، ئەوا نەوەیەک لە ناودەچێت".
ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، هێرش دەکاتە سەر کەرتی غەززە و بەهۆیەوە ٣٧ هەزار و ٢٣٢ کەس کوژراون کە لانی کەم ١٥ هەزار و ٥١٧یان منداڵ و ١٠ هەزار و ٢٧٩یان ژنن، ٨٥ هەزار و ٣٧ کەسیش برینداربوون.