Sangar Hamad Azeez
29 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 29 حوزەیران 2016
سەرکۆماری فەڕەنسا، فرانسوا ئۆلاند ئیدانەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی فڕۆکەخانەی ئاتاتورک لە شاری ئیستانبوڵی کرد و گوتی: "ھێرشە یەک لەدوای یەکەکانی سەر تورکیا رەوشی وڵاتەکە سەختر دەکات".
سەرۆکوەزیرانی فەڕەنسا، مانوێل ڤالس لە ئاکاونتی خۆی لە تویتەر نووسیویەتی: "سەرسامم بەرامبەر بە ھێرشە بەربەرییەکانی سەر فڕۆکەخانەی ئیستانبوڵ. فەڕەنسا لە دژی تیرۆر پاڵپشتی تورکیا دەکات".
هاوکات سەرۆکوەزیرانی ئیتاڵیا، ماتیو رەنزی وێرای ئیدانەکردنی ھێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی ئاتاتورک لە ئیستانبوڵ، گوتی: "بەھۆی رووداوەکەوە ھاوخەمی خۆمان بۆ حکوومەت و گەلی تورکیا دووپاتدەکەینەوە".
رەنزی لە تویتێکدا نووسیویەتی: "لە بەرامبەر رووداوە تراجیدیاکەی ئیستانبوڵ، دڵمان ھاوخەمی گەلی تورکیایە".
بەهەمان شێوە سکرتێری گشتی ناتۆ، یەنس ستۆڵتنبێرگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسراوێکی سەبارەت بە تەقینەوەکەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورک بڵاو کردەوە و تێیدا بەتوندی ئیدانەی هێرشەکەی کردووە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیان کردووە و هیوایى زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواستووە .
هەروەها گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی میسر، ئەحمەد ئەبو زەید ئیدانەی ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی شاری ئیستانبوڵی کرد. ئەبو زەید بە نووسراوێک رایگەیاند کە: "ھێرشەکەی فڕۆکەخانەی ئەتاتورکی شاری ئیستانبوڵ بە تونترین شێوە ئیدانە دەکەین".
لای خۆیەوە گوتەبێژی کۆشکی سپی، جۆش ئێرنێست راگەیەنراوەێک لە بارەی تەقینەوەکانی ئیستانبوڵ بڵاو کردەوە و تێدا وێرای ئیدانەکردنی تەقینەوەکە بە توندترین شێوە، هەروەها سەرەخۆشی خۆی لە خانەوادەی قوربانیان کرد.