Dildar Baykan Atalay
02 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 03 ئادار 2022
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند کە بەهۆی هێرشی سەربازیی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا کایەی ئاسمانیی وڵاتەکەیان بەڕووی هەموو فڕۆکە رووسیەکاندا داخستووە.
جۆ بایدن لە میانی دانیشتنی هاوبەشی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکادا لە کۆنگرێسی ئەو وڵاتە، بۆ یەکەمجار گوتاری ''دۆخی یەکێتیی'' پێشکەش کرد.
سەرۆکی ئەمریکا بە باسکردنی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا دەستی بە گوتارەکەی کرد و گوتی: ''شەش رۆژ پێش ئێستا سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین پێیوابوو لەسەر رێگا هەڕەشەی خۆی بەرەوپێش دەچێت، بۆیە دەستی کرد بە لەرزاندنی بنەماکانی جیهانی ئازاد، بەڵام زۆر خراپ بەهەڵەدا چوو. پێیوابوو دەچێتە ئۆکرایناوە و جیهان ملکەچ دەبێت بۆی، بەڵام رووبەڕووی دیوارێکی بەهێز بووەوە کە هیچ کات بیری لێ نەکردبووەوە. رووبەڕووی گەلی ئۆکراینا بووەوە''.
جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە هەر لە سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی-ەوە تا هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی ئەو وڵاتە بەرگرییان لە وڵاتەکەیان کرد. ئەو گوتانەی زێلێنسکی وەبیرهێنایەوە کە لە گوتارەکەیدا لە پەرلەمانی ئەورووپا پێشکەشی کرد و گوتی: ''رووناکی بەسەر تاریکیدا سەردەکەوێت'' و ئەوەشی خستەڕوو کە باڵیۆزی ئۆکراینا لە واشنتۆن لە هۆڵی کۆنگرێسە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ئەو سزایانەی بەسەر رووسیادا سەپاندوویانە روبڵی رووسی تا ئەمڕۆ، سەدا ٣٠ی بەهاکەی لەدەستداوە و گوتی: ''ئەمشەو کایەی ئاسمانیی ئەمریکا بەڕووی هەموو فڕۆکە رووسیەکاندا دادەخەین و دەچینە پاڵ هاوپەیمانە ئەورووپیەکانمان. ئەوەش رووسیا زۆر زیاتر دادەبڕێت و گوشاری زۆر زیاتر لەسەر ئابوورییەکەی دروست دەکات''.
جۆ بایدن جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەمریکا و گەلی ئەمریکا لە پشت گەلی ئۆکراینادایە و رایگەیاند ''بە درێژایی مێژوومان ئەم وانەیە فێربووین: کاتێک دیکتاتۆرەکان باجی شەڕانگێزیەکانیان نەدا، دەبنە هۆی نانەوەی پشێوی زۆر زیاتر و بەردەوام دەبن لەسەر رێگاکانیان. هەڕەشەکانی سەر ئەمریکا و جیهان بەردەوام زیاد دەبن. لەبەرئەوە ناتۆ دروست بوو بۆ ئەوەی لە دوای جەنگی دووەمی جیهانەوە ئاشتیی و سەقامگیریی لە ئەورووپا مسۆگەر بکات. ئەمریکا ئەندامێکی ناتۆیە لەگەڵ ٢٩ وڵاتەکەی دیکە بەیەکەوەیە. ئەوە واتایەکی هەیە. دیپلۆماسیی ئەمریکا واتایەکی هەیە. چارەسەری ئەمریکا واتایەکی هەیە''.
- ''پوتین بەهەڵەدا چوو، ئێمە لە ئامادەباشیدا بووین''
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن جەنگی ئۆکراینای لەلایەن پوتین-ەوە بە ''بێ هۆکار'' و ''پێشتر پیلان بۆ داڕێژراو'' لە قەڵەمدا و گوتی: ''پوتین هەوڵە دیپلۆماسییەکانی رەت کردەوە. وا بیری کردەوە خۆرئاوا و ناتۆ وەڵام نادەنەوە و ئێمە لەناو وڵاتدا پەرتەوازە دەکات. پوتین بەهەڵەداچوو. ئێمە لە ئامادەباشیدا بووین''.
جۆ بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە زۆر بەوریایی و گشتگیری ئامادەکاریان کردووە دژبە رووسیا و بۆ رووبەڕووبوونەوەی پوتین لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا، ئاسیا، ئەمریکای باشوور، ئەمریکای باکوور و ئەفریقا هاوپەیمانیان دروست کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو کە لەگەڵ هەموو جیهاندا ئەوەیان بەش کردووە پوتین بە چ بەهانەیەک هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا و رایگەیاند ''بە راستییەکان بەرپەرچی درۆکانی رووسیامان دایەوە. ئێستا هەموو جیهان ئەو بەرپرسیار دەکەن لەوەی کردوویەتی''.
- پەیام بۆ ئۆلیگارچە رووسیەکان ''بەدواتانەوەین''.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن هەروەها باسی لەوە کرد کە ٢٧ ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ بەریتانیا، کەنەدا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا، نیوزیلاند و تەنانەت سویسرا رووسیایان بەشێوەیەک دابڕیوە وەک ئەوەی هیچ لە جیهاندا نەبێت و گوتی: ''لەئێستادا لەگەڵ هاوپەیمانانماندا سزای ئابووریی قورس دەسەپێنین. گەورەترین بانکەکانی رووسیا لە سیستمی دارایی نێودەوڵەتی دەردەکەین. بە رێگریکردن لەوەی بانکی ناوەندیی رووسیا بەرگریی لە روبڵ بکات، سندوقی جەنگیی پوتین بە بڕی ٦٣٠ ملیار دۆلار بێ بەها دەکەین''.
جۆ بایدن دووپاتی کردەوە کە دەست گەیشتنی رووسیا بە تەکنەلۆجیا سنووردار کراوە و لە ساڵانی داهاتوودا هێزە ئابوورییەکانی و سەربازەکانیشی لاواز دەبن و گوتی: ''ئەمڕۆ رووی قسەکانم دەکەمە ئۆلیگارچە رووسە ملیاردێرەکانی رژێم بە دۆلار کە لایەنگری ئەو توندوتیژیەن. وەزارەتی دادی ئەمریکا هێزێکی ئەرکداری تایبەت دروست دەکات کە بە دوای تاوانەکانی ئۆلیگارچە رووسیەکانەوە دەبێت. وەک هاوبەشە ئەورووپییەکانمان ئێمەش ئێمە یەخت، شوققە گرانبەهاکان، فڕۆکە تایبەتەکانتان دەدۆزینەوە و دەستیان بەسەردا دەگرین''.
- ''هێزە سەربازییەکانمان لە ئۆکراینا بەشداری لە هیچ پێکدادانێکدا ناکەن دژبە رووسیا''
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە بۆرسەی رووسیا سەدا ٤٠ی بەهای لەدەستداوە و هێشتا کارەکانی بۆرسەکە راگیراوە و گوتی: ''ئابووری رووسیا لە دۆخێکی خراپدایە و تاکە تاوانبارەکەشی پوتین-ە''.
هاوکات جۆ بایدن باسی لەوە کرد کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی هاوکاری سەربازیی، ئابووریی و مرۆیی بۆ ئۆکراینا و گوتی: ''با لەو بارەیەوە روونبم. هێزە سەربازییەکانمان لە ئۆکراینا بەشدار نەبوون و نابن لە هیچ پێکدادانێکدا دژی رووسیا. سەربازانمان بۆ ئەوە ناچن بۆ ئەورووپا تا لە ئۆکراینا شەڕ بکەن، بەڵکو بۆ بەرگریی دەچن لە هاوپەیمانانی ناتۆ ئەگەر پوتین بڕیاریدا بەرەو خۆرئاوا بێت''.