Hakan Çopur,Dildar Baykan,Zana Natık Kerem
08 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2020
ئیستانبوڵ ــ AA
دواجار ھەوڵەکانی کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن تەمەن (٧٧) ساڵ کە لە ١٩٨٨وە بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی بەردەوام بوو بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات و رێگەی بە کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ تەمەن (٧٤) ساڵ نەدا بۆ خولی دووەم، ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
رۆژی سێشەممەی ھەفتەی رابردوو، ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بەڕێوەچوو کە تیایدا ھەرێک لە کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن و کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ رکابەری یەکتر بوون، بەڵام وەک ھەمیشە براوی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ ماوەی چەند رۆژێک دیار نەبوو لە کاتێکدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە سەرپێچی و ساختەکاری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکەدا ئەنجام دراوە.
دوێنێ شەممە بەپێی ئەنجامە فەرمییەکان، میدیاکانی ئەمریکا سەرکەوتنی کاندیدی دیموکراتەکان، جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا-یان راگەیاندبوو.
ــ جۆ بایدن سیاسەتمەدارێکی بەناوبانگ
جۆ بایدن لە ١٩٤٢ لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا لە دایکبووە و لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەکەی بۆ گەڕان بە دوای کارێکی باشتر روویان لە ویلایەتی دێلاوێر کردووە و تا ئێستا دێلاوێر نیشتەجێیە.
مێژوو و زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی دێلاوێر خوێندووە و ھەروەها بڕوانامەی پارێزەریی لە زانکۆی سیراکیوز بەدەستھێناوە.
جۆ بایدن لە حەفتاکانی سەدەی رابردووە چوونەتە ناو جیھانی سیاسەتەوە و لە تەمەنی ٢٩ ساڵیدا لەسەر ویلایەتی دێلاوێر وەک ئەندام لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا ھەڵبژێردرابوو.
لە میانی ئەندامبوونی لە ئەنجوومەنی پیران بۆ ماوەی ١٦ ساڵ وەک سەرۆک و ئەندامێکی دیار لە لیژنەی دادوەریی خزمەتی کردووە و دواتر بۆ ماوەی ١٢ ساڵ بووەتە ئەندام لە لیژنەی سیاسەتی دەرەوە لە ئەنجوومەنی پیران.
جۆ بایدن بۆ یەکەمجار لە ١٩٨٨دا بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا خۆی کاندیدکردبوو، بەڵام دوای ئەوەی دانی بەوەدانابوو کە گوتاری سەرکردەی پارتی کرێکارانی بەریتانیا ئەوکات، نیل کینۆک-ی دزیوە کشانەوەی خۆی لە ھەڵبژاردنەکەدا راگەیاندبوو.
لەو گوتارەدا جۆ بایدن بانگەشەی ئەوەی کردبوو کە باوباپیری لە کانی خەڵووز کاریان کردووە و بەھیچ شێوەیەک ئەو دەرفەتەیان پێ نەدراوە کە شایەنی خۆیانە، بەڵام ھەر خێرا ئەوە لە میدیاکاندا ئاشکرا بوو کە جۆ بایدن ئەو گوتەیەی لە گوتاری نیل کینۆک دزیوە ھەر چەند راست وەدەرکەوت کە باوباپیری لە کانی خەڵووز کاریان کردبوو.
ــ کارەساتی خێزانی جۆ بایدن
وێڕای ئەوەی مێژووی جۆ بایدن لە کاری سیاسەتدا پڕە لە رووداوی گرنگ، بەڵام مێژووی کەسی ناوبراو ھەر لە سەرەتای ژیانی سیاسەتدا بێبەش نەبووە لە کارەسات و رووداوی دڵتەزێن.
جۆ بایدن لە گەڵ ئافرەتێک بە ناوی نیلیا ھانتەر لە نیویۆرک ھاوسەرگیریی کردبوو کە خاوەن سێ منداڵی بە ناوەکانی جۆزێف بو، رۆبێرت ھانتەر و نعومی کریستینا بوون.
دوای ماوەیەکی کەم لە سەرکەوتنی جۆ بایدن لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پیران لە ١٩٧٢دا، ھاوسەرەکەی نیلیا ھانتەر و کچەکەی نعومی کریستینا بەھۆی رووداوێکی ھاتوچۆوە گیانیان لەدەستدا و ھەردوو کوڕەکەی جۆزێف بو، رۆبێرت ھانتەر برینداربوون.
لە ١٩٧٧دا، جۆ بایدن جارێکی دیکە لەگەڵ ئافرەتێک بە ناوی جیل جاکۆبس ھاوسەرگیریی کرد کە خاوەن یەک کچن بە ناوی ئاشلی و ھاوکات لە ساڵی ٢٠١٥دا، کوڕەکەی جۆ بایدن، جۆزێف بو لە تەمەنی ٤٦ ساڵیدا بەھۆی شێرپەنجی مێشکەوە گیانی لەدەستدا.
ــ جۆ بایدن بۆ دوو خول جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بوو
جۆ بایدن لە ٢٠٠٩وە تا ٢٠١٧دا بۆ دوو خول جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، باراک ئۆباما بوو.
سەربای ئەوەی باراک ئۆباما، جۆ بایدنی بە باشترین جێگری سەرۆکی ئەمریکا وەسف کردبوو بەڵام بەدرێژایی خزمەتکردنی لە کۆشکی سپی، جۆ بایدن بەرەڕوو ھێرشی زارەکی ببوویەوە.
لە چوار ساڵی خولی یەکەمی سەرۆکایەتی سەردەمی باراک ئۆبامادا، وەزیری بەرگریی رۆبێرت گەیتس رایگەیاندبوو"وای دەبینم کە بایدن لە پرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نەتەوەیی بۆ ماوەی چوار ساڵی رابردوودا، ھەڵەی کردووە".
بەڵام جۆ بایدن بە دەست نیشانکردنی وەک جێگری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، رۆڵێکی گەورەی گێرا لە بانگەشەکانی ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، چونکە بەوە وەسف دەکرا کە ھاورێی تەمەنی باراک ئۆباما-یە.
ــ کاندیدکردنی جۆ بایدن بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٠
لە ٢٠ی ئابی رابردوودا، جۆ بایدن رەزامەندی لەسەر کاندیدکردنی لە لایەن دیموکراتەکانەوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠٢٠ نیشاندابوو بۆ ئەوەی ببێت بە رکابەری کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ.
لای خۆیەوە جۆ بایدن سیناتۆر کامالا ھاریس تەمەن (٥٥) ساڵ ھەڵبژاردبوو بۆ ئەوەی پێکەوە بەشداری لە بانگەشەکانی ھەڵبژاردن بکەن.
کامالا ھاریس بووە یەکەم ئافرەت بە رەگەز ئەفریقی کە ببێت بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە ئەوەیش بۆ یەکەمجارە لە مێژوویی ئەمریکادا روودەدات.
جۆ بایدن بانگەشەکانی بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجامدابوو کە ئەمریکا بەھۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و خۆپیشاندانەکانی دژبە رەگەزپەرستی بەرەوڕووی چەندین قەیران ببویەوە.
لەگەڵ فراوانبوونی خۆپیشاندانەکانی ئەمریکا، جۆ بایدن رکابەرەکەی دۆناڵد ترەمپ بەوە تۆمەتبار کردبوو کە وڵات زیاتر بەرەو دابەشبوون و توڕەبوون دەبات و جەختی کردبوویەوە لەوەی کاتێک بە سەرۆکی ئەمریکا ھەڵدەبژێردرێت، وڵات لەم تاریکییەی ئێستا، رزگار دەکات.
ھەروەھا جۆ بایدن بەڵێنی دابوو کە ھەر لە یەکەم رۆژی دەست بەکاربوونی وەک سەرۆکی ئەمریکا، ستراتیجییەکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دادەنێت.
ناکۆکییەکانی نێوان جۆ بایدن و دۆناڵد ترەمپ تەنھا لەسەر دۆسیەکانی ناوخۆ نەبوو بەڵکو لەسەر سیاسەتی دەرەوە وەک دۆسیەکانی ئێران و فەڵەستین، ھەڵوێستەکانیان لە بەرامبەر سعوودیە دوای کوژرانی رۆژنامەوانی سعوودی، جەمال خاشقچی رەنگی دابوویەوە.
ــ جۆ بایدن خەونی ٣٢ ساڵی بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی بەیھێنا
جۆ بایدن کە لە ١٩٨٨وە ھەوڵی بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی دەدا دواجار ئەو ھەوڵانەی بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات و رێگەی بە کاندیدی کۆمارییەکان، دۆناڵد ترەمپ تەمەن (٧٤) ساڵ نەدا بۆ خولی دووەم، ببێتەوە بە سەرۆکی ئەمریکا.
لایەنگرانی وای بۆ دەچن کە جۆ بایدن بەو پێیەی بۆ ماوەی ساڵانێک زۆر لە ئەنجوومەنی پیران و کۆشکی سپی خزمەتی کردووە، شارەزاییەکی باشی لە سیاسیەتی دەرەوەی ئەمریکادا ھەیە.