Abdullah Shukur
06 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2019
قودس - AA
جوولەکەکانی نیشتەجێی یەکە جوولەکەنشینەکانی کەناری رۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٤٨٢ ھێرشیان کردووەتە سەر فەڵەستینییەکان.
بەپێی ھەواڵێکی رۆژنامەی Haaretzی ئیسرائیلی، جوولەکەکانی نیشتەجێی یەکە جوولەکەنشینەکانی کەناری رۆژئاوا لە ساڵی ٢٠١٨دا، ٤٨٢ ھێرشیان کردووەتە سەر فەڵەستینییەکان و ئەم رێژەیە بەراوورد بە ساڵی ٢٠١٧ سێ ئەوەندە زیادی کردووە.
ھەر لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە دوای ئەوەی جوولەکەکانی نیشتەجێی یەکە جوولەکەنشینەکانی کەناری رۆژئاوا لە مانگی تەمووزی ٢٠١٥ ماڵێکی فەڵەستنییان سووتاند و تیایدا منداڵێکی تەمەن ١٨ ساڵی بە ناوی عەلی دەوابیشە و باوکەکەی گیانیان لەدەستدا، لە ساڵی ٢٠١٦ ژمارەی ھێرشی جوولەکەکان بۆسەر فەڵەستینییەکان کەمی کردووە.
ھەر لە ھەواڵەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە ئەم ژمارەیە دوو ھەفتەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨ لەخۆ ناگرێت و راشگەیەنرا کە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیلی زۆر لاوازن لە جێبەجێکردنی یاساکان بەسەر جوولەکەکاندا و گومانلێکراوان بە شێوەیەکی خێرا ئازاد دەکرێن و رادەستی دادگا ناکرێن.
ئەنجامدانی ھێرشی فیزیکی و ھاویشتنی بەرد و نووسینی دروشمی نەتەوەپەرستی لەسەر دیوار و زیانگەیاندن بە سامان و ئۆتۆمبێلی فەڵەستینییەکان لەلایەن بەرپرسانی ئیسرائیلی بە "ھێرشی نەتەوەپەرستی"ناودەبردرێت.
لەلایەکی دیکەش حکوومەتی فەڵەستین رۆژی پێنجشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو کە جوولەکەکانی نیشتەجێی یەکە جوولەکەنشینەکانی کەناری رۆژئاوا دوو ھەفتە پێش ئێستا لە کەناری رۆژئاوا ھێرشیان کردووەتە سەر کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین، رامی حەمدەڵڵا.