Halime Afra Aksoy
30 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 30 ئەیلوول 2020
کوێت - AA
تەرمی میری کوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح لە ئەمریکاوە گەیشتە کوێت-ی پایتەخت.
تەلەڤیزیۆنی فەرمیی کوێت بڵاویکردەوە، ئەو فڕۆکەیەی تەرمی میر سەباح-ی هەڵگرتووە لە فڕۆکەخانەی کوێت نیشتووەتەوە.
لە پێشوازی تەرمەکەدا، هەریەک لە میری نوێ، نەواف ئەحمەد جابر سەباح و سەرۆکی پەرلەمان، مەرزوق عەلی غونێم و سەرۆکوەزیران، سەباح خالید سەباح و بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە ئامادە بوون.
چاوەڕوان دەکرێت تەرمەکە ببرێت بۆ مزگەوتی بیلال بن رەباح لە پارێزگای حەوەلی بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکرێت.
هێزە ئەمنییەکان بەربەستی ئەمنییان لە دەورووبەری مزگەوتەکە و شەقامە سەرەکییەکانی ناوچەکە دانا.
دیوانی میری کوێت، دوێنێ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە رێوڕەسمی پرسەی میر تەنها بە بەشداری خزمەکانی بەڕێوەدەچێت.
دوێنێ میری کوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح لە تەمەنی ٩١ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.
دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوێت میری نوێی وڵاتی راگەیاند کە شێخ نەواف ئەحمەد جابر سەباح (٨٣ ساڵ)ە، ئەمڕۆ ناوبراو لەبەردەم پەرلەمانی ئەو وڵاتدا، سوێندی یاسایی خوارد.