سياسەت

کوێت سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق دابین دەکات

وەزارەتی کارەبای عێراق: "کوێت بڕیاریداوە سووتەمەنی بۆ ئەو وێستگانەی کارەبا لە عێراق دابین بکات کە لەکارکردندا وەستاون".

Sarmand Hameed  | 20.07.2018 - نوێکردنەوە : 22.07.2018
کوێت سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبای عێراق دابین دەکات

Iraq

بەغدا - AA

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، کوێت بڕیاریداوە سووتەمەنی بۆ ئەو وێستگانەی کارەبا لە عێراق دابین بکات کە لەکارکردندا وەستاون.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، موسعەب مودەریس لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاندووە "میری کوێت، سەباح ئەحمەد جابر سەباح فەرمانی داوە بە وەزارەتی کارەبای کوێت بۆ دابینکردنی گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق بۆ کارپێکردنەوەی ویستگە وەستاوەکان و پاڵپشتیکردنی ئەو یەکانەی کار دەکەن".

دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە عێراق لە لایەن کوێتەوە دوای ئەو دێت ئێران بڕیاریدا کارکردن بەو گرێبەستە رابگرێت کە پێشتر لەگەڵ عێراق واژووی کردبوو بۆ پێدانی هەزارو ٢٠٠ مێگاوات کارەبا.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق ئاشکرایشی کردووە کە سبەی شەممە کەشتییەکی نەوتهەڵگری کوێتی کە بڕی ٣٠ هەزار مەترسێجا گازوایلی هەڵگرتووە وەک قۆناغی یەکەم دەگاتە بەندەری بەسرە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بڕی دیکەش دەگاتە عێراق.

لای خۆیەوە گوتەبێژ بەناوی وەزیری کارەبای عێراق، محەمەد فەتحی رایگەیاندووە، وەزارەتەکەیان هەوڵەکانی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ چڕکردووەتەوە بە مەبەستی چارەسەکردنی قەیرانی کارەبا لەهەردوو بواری وزە و دابینکردنی وزەی کارەبا.

فەتحی روونیکردووەتەوە کە وەزارەتی کارەبا بە هەموو توانایەکییەوە کار دەکات بۆ کارپێکردنەوەی سەرجەم وێستگەکانی کارەبا و بەرزکردنەوەی تێکڕای بەرهەمهێنان بۆ کەمکردنەوەی بچڕانی کاتژمێرەکانی کارەبا.

دوێنێ پێنجشەممە، وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند کە ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ یەکەمجار لە وڵات گەیشتووەتە پازدە هەزارو ٩٠٠ مێگاوات، هاوکات عێراق لە ئێستادا پێویستی بە نزیکەی ٢٣ هەزار مێگاوات هەیە بۆ پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆیی لە بەکارهێنانی کارەبا.


بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın