Mehmet Nuri Uçar
08 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 09 کانوونی دووەم 2023
تونس – AA
لایەنە پەیوەندیدارەکانی تونس رایانگەیاند کە رێگەیان لە شەش هەوڵ گرتووە بۆ ئەنجامدانی کۆچی نایاسایی و ژیانی ٢٣٠ کەسیان رزگار کردووە کە هەوڵیان داوە بە رێگای نایاسایی لە سنوورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتەوە بچن بۆ ئەورووپا.
گوتەبێژی فەرمی پاسەوانی نیشتمانیی تونس، حوسامەددین جیبالی لە راگەیەندراوێکدا، تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە هێزە ئەمنییەکان رێگەیان لە شەش هەوڵ گرتووە بۆ ئەنجامدانی کۆچی نایاسایی و ژیانی ٢٣٠ کەسیان رزگار کردووە کە هەوڵیان داوە بە رێگای نایاسایی لە سنوورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتەوە بچن بۆ ئەورووپا.
حوسامەددین جیبالی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە میانی هەڵمەتەکانی هێزە ئەمنییەکاندا، چوار بەلەمیش دەستیان بەسەردا گیراوە.
رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا کە لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بڵاوی کردەوە، ئاماژەی بەوە دا لە کانوونی دووەمی ٢٠٢١ەوە تاکوو ئەو رێککەوتە، دوو هەزار و ٨٣٦ کۆچبەری نایاسایی کە زۆربەیان لە کەناراوەکانی لیبیا و تونسەوە بەڕێ کەوتبوون و هەوڵ دەدا بچن بۆ ئیتاڵیا و ماڵتا بە هۆکارەکانی وەک ژێرئاوکەوتنی بەلەم، برسێتی یان تینووێتییەوە گیانیان لەدەستداوە.
وڵاتانی وەک تونس و لیبیا لە باکووری ئەفریقا بە رێڕەوی کۆچبەرانی نایاسایی دادەنرێن کە دەیانەوێت لە رێگەی دەریای ناوەڕاستەوە بگەنە ئەورووپا.
ساڵانە هەزاران کۆچبەر بەمەبەستی دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر و گەیشتن بە ئەورووپا لە ئەفریقاوە دەچنە دەریای ناوەڕاست. لە کاتێکدا بەشێک لەو کۆچبەرانە دەتوانن بگەنە ئەورووپا، ژمارەیەکیشیان لە دەریادا، ژێرئاو دەکەون و دەخنکێن.