Muhammet İkbal Arslan
08 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2023
جنێڤ – AA
سویسرا جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەسەر محەمەد کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی-دا کە بە پاساوی "کوشتنی کارمەندێکی هێزە ئەمنییەکان" لە شاری کەرەج لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئێراندا حوکمی لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێندرابوو، سەرکۆنە کرد.
سکرتێری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی سویسرا، لیڤیا لو لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند: "وەزارەتی دەرەوە بەتوندی لەسێدارەدانی محەمەد کەرەمی و سەید محەمەد حوسێنی بە پاساوی پەیوەندیدار بە خۆپیشادانەکان، سەرکۆنە دەکات".
لیڤیا لو بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە هەموو شوێنێک و لە هەر دۆخێکدا بێت دژبە سزای لەسێدارەدانن، رووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندانەکانی ئێرانی بە پەنابردنە بەر توندوتیژی سەرکۆنە کرد و جەختی لەسەر پشتیوانییەکانیان کردەوە بۆ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ.
- خۆپیشاندانەکانی ئێران و سزای لەسێدارەدان
رۆژی ١٣ی ئەیلوولی ٢٠٢٢، پۆلیسی رهوشت بە پاساوی "پابەندنەبوون بە یاساکانی جلوبەرگی ئیسلامیی"، مەهسا ئەمینیی تەمەن ٢٢ ساڵانی دەستبەسەر کرد، دوای دەستبەسەرکردنیشی رۆژی ١٦ی ئەیلوول، ئەمینی لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، ئەم رووداوەش شەپۆلێکی گەورەی ناڕەزایی بەدوای خۆیدا هێنا.
فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی سوپای پاسداران، ئەفسەر ئەمیر عەلی حاجیزادە لە میانی لێدوانێکیدا لە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، باسی لەوە کرد کە لە چوارچێوهی خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە کە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکانیشیان لەنێودایە. ئەنجوومەنی ئاسایشی ئێرانیش لە سێی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢ ئەوەی خستبووەڕوو کە تێکڕای ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە ٢٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.
لای خۆیشیەوە رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران کە بارەگاکەی لە نەرویجە لە ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا، راپۆرتێکی بڵاو کردەوە کە تیایدا ئاماژەی بەوە دا بوو لە ئاکامی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا، ٤٦٩ خۆپیشاندەر کوژراون.
هەروەها میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوه کە لە ئاکامی خۆپیشاندانەکاندا، نزیکەی ٧٠ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستداوە.
جێی ئاماژەیە تا ئێستا ١٠ کەس بەتۆمەتی تێوەگلان لهو خۆپیشاندانانەی چوار مانگە ئێرانیان گرتووەتەوە، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و چواریان سزاکەیان جێبەجێ کراوە. ژمارەیەک لە سزاکانی لەسێدارەدانیش لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشێندراونەتەوە.
بەگوێرەی یاسای سزادانی ئێران، ئەو کەسانەی بەتۆمەتەکانی "تێکدانی ئاسایشی وڵات، بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی و راگەیاندنی جەنگ دژبە حکوومەت" دادگایی دەکرێن، داوای سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەکرێت.