Selman Aksünger
08 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2023
ئەمستردام - AA
بۆ گەیاندنی نیگەرانییەکان سەبارەت بە لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی پەیوەست بە خۆپیشاندانەکان دەستبەسەر کراون، باڵیۆزی ئێران لە لاهای بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا دەکرێت.
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، واپکی هاوێکسترا لە تویتێکدا نووسیویەتی: "بە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران شۆک بووم. باڵیۆزی ئێران لە لاهای، عەلیرەزا کازمی عەبادی بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە دەکەین".
واپکی هاوێکسترا ئاماژەی بەوە دا کە نیگەرانییەکانی خۆی سەبارەت بە لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران دەگەیەنێتە باڵیۆز عەلیرەزا کازمی عەبادی و گوتی: "بانگهێشتی وڵاتانی دیکەی یەکێتیی ئەورووپا دەکەم کە هەمان کار بکەن".
وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا بە ئاماژەدان بەوەی کە پێویستە یەکێتیی ئەورووپا بەشێوەیەکی توندتر وەڵامی ئێران بداتەوە گوتی: "چوارەمین پاکێجی گەمارۆکانی مافی مرۆڤ دژبە ئێران ئامادە دەکرێت بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپادا تاوتوێ بکرێت".
لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢یشدا بۆ هەمان مەبەست باڵیۆزی ئێران لە لاهای بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا کرابوو.
تا ئێستا ١٠ کەس بەتۆمەتی تێوەگلان لهو خۆپیشاندانانەی چوار مانگە ئێرانیان گرتووەتەوە، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە و چواریان سزاکەیان جێبەجێ کراوە. ژمارەیەک لە سزاکانی لەسێدارەدانیش لەلایەن دادگای باڵاوە هەڵوەشێندراونەتەوە.
بەگوێرەی یاسای سزادانی ئێران، ئەو کەسانەی بەتۆمەتەکانی "تێکدانی ئاسایشی وڵات، بڵاوکردنەوەی خراپەکاری لەسەر زەوی و راگەیاندنی جەنگ دژبە حکوومەت" دادگایی دەکرێن، داوای سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەکرێت.