تورکیا و حەوت وڵاتی دیکە ئیدانەی بڕیارەکەی ئیسرائیلیان بۆ زیادکردنی چالاکی چاودێری و کۆنترۆڵ لە کەرتی ڕۆژئاوا کرد
Ankara
ئەنقەرە - AA
تورکیا، میسر، ئیندۆنێزیا، ئوردن، پاکستان، قەتەر، سعوودیە و ئیمارات، بە توندترین شێوە ئیدانەی پەسەندکردنی زنجیرەیەک بڕیاری ئیسرائیلیان کرد، کە چالاکی چاودێری و کۆنترۆڵ لەو ناوچانەی کەرتی ڕۆژئاوا کە لەژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی فەڵەستیندان زیاد دەکات.
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر، ئیندۆنێزیا، ئوردن، پاکستان، قەتەر، سعوودیە و ئیمارات ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکەدا وەزیران بە توندترین شێوە ئیدانەی بڕیارە نایاسایییەکانی ئیسرائیلیان لە کەرتی ڕۆژئاوا کرد، کە ئامانجیان لکاندنی خاک و کۆچی فەڵەستینییەکانە و، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە ئیسرائیل هیچ سەروەرییەکی بەسەر خاکە داگیرکراوەکانی فەڵەستینەوە نییە.
وەزیرەکان هۆشدارییان دا کە سیاسەتە فراوانخوازییەکانی ئیسرائیل پەرە بە توندوتیژی دەدات و، ئەم هەنگاوانە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و تێکدانی مافی فەڵەستینییەکانە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر بنەمای سنوورەکانی ١٩٦٧ کە پایتەختەکەی قودس بێت.
هەروەها وەزیرەکان جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم کارانەی ئیسرائیل پووچەڵن و هەوڵەکانی ئاشتیی تێکدەدەن، پێشێل کردنی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادگای دادی نێودەوڵەتین. داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ڕاگرتنی گرژییەکان و دووپاتیان کردەوە کە چارەسەری دوو دەوڵەت تەنیا ڕێگایە بۆ بەدیهێنانی ئاشتیی و دەستەبەر کردنی مافە ڕەواکانی گەلی فەڵەستین.
بەپێی ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ، کەرتی ڕۆژئاوا دابەشکراوە بۆ سێ ناوچە، بەڵام ئێستا ئیسرائیل هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی خۆی بەسەر ئەو ناوچانەشدا بسەپێنێت کە لەژێر دەسەڵاتی فەڵەستیندان، بەتایبەت لە شاری خەلیل.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم هەنگاوانە و نیشتەجێ کردنی جولەکەکان بە نایاسایی دەزانێت. لە دوای جەنگی غەززە ئیسرائیل هێرشەکانی لە کەرتی ڕۆژئاوا چڕکردووەتەوە، ئەوەیش کوژرانی زیاتر لە هەزار و ١٠٠ فەڵەستینی و دەستگیرکردنی ٢١ هەزار کەسی لێکەوتووەتەوە و، وەک هەوڵێک بۆ لکاندنی خاکەکە و لەناوبردنی ئەگەرەکانی چارەسەری دوو دەوڵەت دەبینرێت.
لە کەرتی ڕۆژئاوا نزیکەی سێ ملیۆن فەڵەستینی لەژێر حوکمی سەربازی ئیسرائیلدان، لە بەرامبەردا زیاتر لە نیو ملیۆن نیشتەجێبووی جولەکە بە نایاسایی لەسەر خاکی فەڵەستینییەکان نیشتەجێ کراون. فەڵەستینییەکان ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوامی سوپا و زەوت کردنی زەوییەکانیان دەبنەوە، لە کاتێکدا ئیسرائیل سزای نیشتەجێبووە توندڕەوەکان نادات و پارتە ڕاستڕەوەکانیش هەوڵی لکاندنی فەرمی کەرتی ڕۆژئاوا دەدەن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
