جيهان

ترەمپ ڕایگەیاند سعوودیە بە هاوپەیمانی گرنگ دەناسێنن کە ئەندامی ناتۆ نییە

Hakan Çopur  | 19.11.2025 - نوێکردنەوە : 19.11.2025
ترەمپ ڕایگەیاند سعوودیە بە هاوپەیمانی گرنگ دەناسێنن کە ئەندامی ناتۆ نییە

Washington DC

واشنتۆن - AA

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد سعوودیە بە هاوپەیمانی گرنگ دەناسێنن کە ئەندامی ناتۆ نییە و، ڕێککەوتنی بەرگریی ستراتیجییان لە نێوان هەردوو وڵات واژوو کردووە.

ترەمپ لە میانی خوانێکی ئێوارەدا کە لەسەر شەرەفی شازادەی جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان لە کۆشکی سپی ڕێکخرابوو، باسی لەوە کرد کە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بەم سەردانە بەهێزتر بووە.

لە گوتارێکدا کە لە خوانەکەدا پێشکەشی کرد، ترەمپ ناوی ژمارەیەک لەو کەسایەتیە گرنگانەی هێنا کە بەشداری خوانەکەیان کردووە، لە نێویشیاندا سوپاسی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی یاریزانی بەناوبانگی تۆپی پێی کرد کە هێشتا لە سعوودیە یاری دەکات بۆ بەشداری کردنی لەو خوانەدا.

سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، سوپاسی محەمەد بن سەلمانی کرد بۆ بەڵێندانی وەبەرهێنان لە ئەمریکا بە بڕی یەک تریلیۆن دۆلار.

هاوکات ترەمپ جەختی لەسەر ڕێککەوتنەکانی هاریکاری لە بواری بەرگریی و سەربازیی لە نێوان هەردوو وڵات کردەوە و، ڕایگەیاند: "لێرە بۆ یەکەمجار ئەمە ڕادەگەیەنم. سعوودیە بە فەڕمی وەک هاوپەیمانی گرنگ دەناسێنین کە ئەندامی ناتۆ نییە. ئەمە شتێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوان".

ترەمپ ئەوەیشی خستەڕوو کە سعوودیە بە بەهای نزیکەی ١٤٠ ملیار دۆلار چەک و تەقەمەنی و خزمەتگوزاری لە بواری بەرگریی لە ئەمریکا دەکڕێت، ئەمەش مانای هەزاران هەلی کار بۆ ئەمریکییەکان دەگەیەنێت، دڵخۆشی خۆیشی بەم بەڵێنی وەبەرهێنانە دەربڕی.

سەبارەت بە کڕینی چەکی نوێ بە بەهای ملیاران دۆلار، ترەمپ ڕایگەیاند: "ئەمە هەردوو وڵات سەلامەتتر دەکات و ڕۆڵی شانشینی سعوودیە وەک هێزێکی سەرەکی بۆ سەقامگیری و ئاسایش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر دەکات".

سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ، ئاماژەی بەوەیش کرد ئەمڕۆ ڕێککەوتنی بەرگریی ستراتیجییان لەگەڵ سعوودیە واژوو کردووە، کە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ واشنتۆن و ڕیاز.

هەروەها سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ تیشکی خستە سەر ئاگربەستی غەززە و، ئاماژەی بەوە کرد کە بە بەشداری زۆرێک لە وڵاتانی ناوچەکە لەوانەیش سعوودیە "جەنگەکە" کۆتایی هاتووە و، ئێستا بە بەشداری ئەم وڵاتانە غەززە ئاوەدان دەکرێتەوە.

ترەمپ ئاماژەی بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد کە ڕێگە بە دامەزراندنی "ئەنجوومەنی ئاشتی" لە غەززە دەدات و، گوتی: "گەیشتن بەم خاڵە دەیان ساڵی خایاند، بەڵام ئێستا زۆر نزیک بووینەتەوە لە خاڵێکی نموونەیی. هەموو کەسێک دەڵێت ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدات موعجیزەیە".

سەرۆکی ئەمریکا ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەیەوێت سعوودیەش لەم ئەنجوومەنەدا بێت، بانگەشەی ئەوەیشی کرد کە فەڵەستینییەکانی غەززە ئێستا پارێزراوترن، سوپاسی هەموو خەڵکی غەززەی کرد و ڕایگەیاند ئەوان دەستیان بە گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان کردووە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın