جيهان, کۆڤید- ١٩

ترەمپ: ''١٥٠ ملیۆن کیتی پشکنینی خێرای کۆرۆنا دابەش دەکرێت''

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ: ''خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەدا پلانەکەمان بۆ دابەشکردنی ١٥٠ ملیۆن پشکنینی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رادەگەیەنم. ٥٠ ملیۆن لەو پشکنینانە تەرخان دەکرێت بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی بێ بەرگریین بەرامبەر ڤایرۆسەکە''.

Dildar Baykan  | 29.09.2020 - نوێکردنەوە : 29.09.2020
ترەمپ: ''١٥٠ ملیۆن کیتی پشکنینی خێرای کۆرۆنا دابەش دەکرێت''

Washington DC

واشنتۆن - AA

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا، ١٥٠ ملیۆن کیتی پشکنینی ڤایرۆسەکە بەسەر ویلایەت و ئەو کۆمەڵگایانەدا کە توانای بەرگریییان نییە بەرامبە ڤایرۆسەکە وەک خانەکانی بەساڵاچوواندا دابەش دەکەن کە لە میانی ١٥ خولەکدا ئەنجامەکەی دەردەخات.

دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا کە لە کۆشکی سپی سازی کرد، ستراتیجییەتی ئەمریکا لەبارەی پشکنینەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ خستەڕوو.

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئەمریکا لە هەفتەی رابردوودا، گەیشتە ١٠٠ ملیۆن پشکنین و گوتی: ''خۆشحاڵم ئەمڕۆ لێرەدا پلانەکەمان بۆ دابەشکردنی ١٥٠ ملیۆن پشکنینی خێرای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ رادەگەیەنم. ٥٠ ملیۆن لەو پشکنینانە تەرخان دەکرێت بۆ ئەو کۆمەڵگایانەی بێ بەرگریین بەرامبەر ڤایرۆسەکە''.

دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە ئەو پشکنینانە لە ماوەیەکی کەمی ١٥ خولەکیدا ئەنجامەکە ئاشکرا دەکات و پێویستی بە ئامێری گەورە نییە و گوتی: ''رۆژانی پێشوو وەبیربهێننەوە کە پشکنینمان بۆ ڤایرۆسەکە دەکرد. تاقیگەی گەورەمان دەکڕی کە ئامێری زۆر گرانبەهای تیادا بەکاردەهات، ئێستا ئەو کارە رێڕەوێکی دیکەی گرتووە''.

سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە وڵاتەکەی هەموو تواناکانی خستووەتەکار بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە، باسی لەوەیش کرد کە ئەمریکا لەڕووی رێژەی مردن بە پەتاکە بە بەراورد بە تووشبوونی یەکێکە لەو وڵاتانەی کەمترین رێژە تۆمار دەکات.

دۆناڵد ترەمپ کە زوو زوو رەخنەی لێدەگیرێت بەوەی کەرەنتینە دژبە ڤایرۆسەکە پەیڕەو ناکات گوتی: ''رەنگە کەرەنتینە زۆر مەترسیدار بێت. لەئێستادا ویلایەتێکی زۆر هەن کە کەرەنتینە پەیڕەو دەکەن، کەس نازانێت فەرمانڕەوای ئەو ویلایەتانە چی دەکەن''.

سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە کارەکانی ڤاکسینی دژبە ڤایرۆسەکە تاودانێکی خێرای تۆمار کردووە و گوتی: ''هەرکە فەرمانگەی خۆراک و دەرمانی ئەمریکا هەر ڤاکسینێکی پەسەند کرد ئێمە لە میانی٢٤ کاتژمێردا، ١٠٠ ملیۆن لە دۆزی ئەو ڤاکسینە دابەش دەکەین''.

لە لایەکی دیکەوە، جێگری وەزیری تەندروستی ئەمریکا، برێت گیرۆیر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا قسەی کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمڕۆ دەست بە دابەشکردنی ئەو ١٠٠ ملیۆن کیتی پشکنینە دەکرێت، ئەوەشی خستەڕوو کە لە میانی ئەم هەفتەیەدا، شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار کیتی پشکنین دەگەنە جێ.

برێت گیرۆیر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، شێوازی ئەنجامدانی پشکنینەکەی لەسەر خۆی تاقیکردەوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın