Dildar Baykan
12 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 12 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن- AA
لە پێناو ئامادەکاری پێویست بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا جۆ بایدن لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا، سەرۆکی ئێستای ئەو وڵاتە، دۆناڵد ترەمپ باری لەناکاوی راگەیاند.
لە راگەیاندراوێکدا کە لە لایەن کۆشکی سپیەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە ترەمپ لە پێناو ئامادەکاری پێویست بۆ رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی بایدن-دا لە ٢٠ی کانوونی دووەمدا، بارێکی لەناکاوی راگەیاندووە.
لە چوارچێوەی راگەیاندنی بارە لەناکاوەکەدا ترەمپ ئاژانسی ئیدارەی باری لەناکاوی فیدراڵی سەربە وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ (FEMA)ی راسپاردووە بۆ دەستەبەرکردنی هەموو پێداویستیە بەپەلە پێویستەکان.
دەیان هەزار کەس لە پشتیوانانی ترەمپ، لە شەشی کانوونی دووەمدا، دوای کۆبوونەوەی جەماوەری لە پارکی نیشتمانی لە واشنتۆن، بەرەو کۆنگرەی ئەمریکا رێپێوانیان کرد.
گرووپێک لە خۆپیشاندەران بەربەستەکانی پۆلیسیان تێپەڕاند و چوونە ناو کۆنگرێسەوە، ئەوەش دیمەنێکی دروست کرد کە کاردانەوەی ناوخۆیی لێکەوتەوە.
لەو پێکدادانەی دروست بوو پێنج کەس کە یەکێکیان پۆلیس بوو گیانیان لەدەستدا، بۆ کپکردنەوەی رووداوەکانیش یەکەکانی پاراستنی نیشتمانی ئەمریکا رەوانەی کۆنگرێس کران.
دوای رووداوەکان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، نانسی پیلۆسی، داوای لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس کرد بە هۆی رووداوەکانەوە لە چوارچێوەی ماددەی ٢٥ی دەستوور ترەمپ لە پۆستەکەی دووربخاتەوە.
دیموکراتەکان ئەمڕۆ پرۆژە یاسایەکیان خستەڕوو بۆ لابردنی ترەمپ لە دەسەڵات.