موقتەدا سەدر ئیدانەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانی کرد
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر: "ھەروەک چۆن ئیدانەی ھێرشی وەحشیانە لە لایەن ھەندێک لە چەپەڵەکانی ناو ریزی خۆپیشاندەرانی تشرین دژ بە ھێزە ئەمنییەکان و کوشتنیان دەکەم، بەھەمان شێوە ئیدانەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکانیش دەکەم".
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر رایگەیاند کە ئیدانەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان دەکات.
موقتەدا سەدر لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی:" ھەروەک چۆن ئیدانەی ھێرشی وەحشیانە لە لایەن ھەندێک لە چەپەڵەکانی ناو ریزی خۆپیشاندەرانی تشرین دژ بە ھێزە ئەمنییەکان و کوژرانیان دەکەم، بەھەمان شێوە ئیدانەی دەستگیرکردنی خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان دەکەم".
راشیگەیاندووە: "نابێت خۆپیشاندەرە ئاشتیخوازەکان دەستگیر بکرێن، بەڵکو دەبێت ئەو کەسانە دەستگیر بکرێن کە کردەی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن و ھێرش دەکەنە سەر ھێزە ئەمنییەکان".
سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر ھەروەھا نووسیویەتی: "ئیدانەی دەستوەردان لە کاروباری دادگا دەکەم و پێویستە دادگا رۆڵی خۆی بە جددی و شەفافیەت و بێ ھیچ دەستوەردانێک بگێڕێت".
موقتەدا سەدر ئەوەیشی نووسیووە: "پێویستە ھێزە ئەمنییەکان، رەوشەکە کۆنترۆڵ بکەن ھەموو ئەو کەسانە دەستگیر بکەن کە کردەی تێکدەرانە ئەنجام دەدەن".
ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە ماوەی چەند رۆژێکە لە شاری ناسرییە سەنتەری پارێزگای زیقار بەھۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک خۆپیشاندەران، خۆپیشاندان ئەنجامدەدرێت کە تا ئێستاش درێژەی ھەیە.