Tuğçenur Akgün
13 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2023
نیویۆرک – AA
ژمارەیەک "بەڵگەی نهێنی" نوێ لە شوێنی نیشتەجێبوونی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە دێلاوێر دۆزرایەوە.
لە راگەیەندراوێکدا سەبارەت بەو بابەتە، راوێژکاری سهرۆكی ئهمریكا، ریچارد ساوبەر ئاماژەی بەوە کرد دوای دۆزینەوەی بەڵگەی "نهێنی" لە نووسینگەی بایدن لە ناوەندی پێن بایدن بۆ دیپلۆماتی و بەشداریکردنی جیهانی لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە واشنتۆن، پارێزەرەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی ئەرشیڤ و تۆماری نیشتمانیی (NARA) و وەزارەتی داد پێواژووەکە بەڕێوەدەبەن.
ریچارد ساوبەر ئەوەشی خستەروو کە دواتر پارێزەرەکان لێکۆڵینەوەیان لە شوێنی نیشتەجێبوونی جۆ بایدن لە ویلمنگتۆن و ڕێهۆبۆس بیچ لە دێلاوێر ئەنجامداوە و رایگەیاند لە شوێنی نیشتەجێبوونی بایدن لە دێلاوێر "ژمارەیەکی کەم بەڵگەی نهێنی" هەبووە لەو قۆناغەوە ماوەتەوە کە جۆ بایدن لە ساڵەکانی ٢٠٠٩ و ٢٠١٧ جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.
ریچارد ساوبەر ئاشكراشیكرد، ئەو بەڵگانە کە ناوی "نهێنی" لێدەنرێت لە نێو هەندێک بەڵگەی کەسی و سیاسیی بایدندا دۆزراوەتەوە.
ساوبەر ئاماژەی بەوەش کرد کە جگە لە یەک بەڵگە تەواوی بەڵگەکان لە گەراجی شوێنی نیشتەجێبوونی بایدن لە ویڵمینگتۆن دۆزراونهتەوە و باسی لەوە کرد کە بەڵگەیەکی یەک لاپەڕەییش لە ژوورێک لە کۆتایی گەراجەکەدا لەنێو هەندێک کەرەستەی شاراوەدا دۆزراوەتەوە.
- "بەڵگەنامە نهێنییەکان"ی نوسینگەکەی بایدن
رۆژی دووشەممە، راوێژكاری بایدن، ریچار ساوبەر ئاشکرایکرد لە نووسینگەکەی پێشووی جۆ بایدن-دا "ژمارەیەکی کەم بەڵگەنامەی نهێنی" هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٧ کاتێک بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.
ریچارد ساوبەر باسی لەوەش کردبوو کە بەڵگەنامەکان لە دووی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا و لە دۆڵابێکی کلیلدراودا دۆزراونەتەوە و راستەوخۆ دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامەکانیش پەیوەندی بە پارێزەرە تایبەتەکانی جۆ بایدن، کۆشکی سپی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەرشیڤی نیشتمانیی دەوڵەت کردووە و بەرپرسانی کۆشکی سپی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانە کردووە.
لە بەرامبەریشدا جۆ بایدن سەرسوڕمانی خۆی لە دۆزینەوەی بەڵگەنامەی نهێنی لە نووسینگەکەی راگەیاند و ئەوەی خستەڕوو کە لە بارەی ناوەرۆکی ئەو بەڵگانەوە هیچ زانیارییەکی نییە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دوای دۆزینەوەی بەڵگەی نهێنی لە ئەنجامی ئەو گەڕان و پشکنینەی کە کارمەندانی ئێف بی ئای رۆژی ٨ی ئابی ٢٠٢٢ لە ڤیلای مارالاگۆ-ی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پاڵم پیچ، گوتبووی: "چۆن کەسێک ئەوەنە کەمتەرخەم دەبێت".
کۆمارییەکان دوای دۆزینەوەی بەڵگەی نهێنی لە شوێنی نیشتەجێبوونی بایدن کە لە سەر ئەو بابەتە رەخنەی لە ترەمپ گرتبوو، رەخنەکانیان لە بایدن زیاتر کرد.
لێکۆڵینەوەکانی وەزارەتی داد لەسەر ئەو بەڵگانە بەردەوامە.