Zana Natık Kerem
06 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2016
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا رایگەیاند "ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە ناوچەی كەرادە ناوەڕاستی بەغدا تەقییەوە و بەهۆیەوە حەوت كەس كوژران و ١٤ی دیكەش بریندار بوون".
لە بەیاننامەیەكی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدادا هاتووە، "ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو لە نزیك نەخۆشخانەی عەبدولمەجید لە ناوچەی كەرادە ناوەڕاستی بەغدا تەقییەوە و لە ئاكامدا حەوت كەس كوژران و ١٤ی دیكەش بریندار بوون".
هاوکات ئەفسەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، نەقیب حەسەن نەوفەل روونیکردەوە کە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكە لە دەرنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی کەرادە تەقیوەتەوە.
نەوفەل ئاماژەی بەوەیش كرد كە هەر بەهۆی تەقیینەوەكە ١٥ ئۆتۆمبێل سووتان و ژمارەیەك دوكان و قاوەخانە و باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە نزیك شوێنی تەقیینەوەكە زیانی زۆریان پێگەیشتووە.
نەقیب حەسەن نەوفەل هەروەها ئاماژەی بەوەیش كرد كە هێزێكی ئەمنی گەیشتە شوێنی تەقیینەوەكە و ناوچەکەیان بە پشتێنەیەکی ئەمنی تەنی و سەرجەم ئەو رێگەیانەی كە دەچنەوە سەر شوێنی تەقیینەوەكە داخست.