Zana Natık Kerem
06 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2016
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوە ئەمنی و تەندروستییەکانی شاری بەغدا دەستی كەوتووە، ژمارەی قوربانیانی تەقینەوەکەی شەوی رابردووی ناوچەی كەرادە، گەیشتووەتە ١٠ كوژراو و ٢٨ بریندار. هاوكات رێكخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقینەوەکە راگەیاند.
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی تەندروستی بەغدا رایگەیاند "بەپێی دوایین ئامار كە لە بەردەستدایە، ژمارەی قوربانیانی تەقیینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكەی دەرنگانی شەوی رابردووی ناوچەی كەرادە، بۆ ١٠ كوژراو و ٢٨ بریندار بەرزبووەتەوە.
ئەفسەر لە هێزەكانی پۆلیسی شاری بەغدا، نەقیب یاسر مستەفا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ژمارەكانی پشتڕاست كردەوە و ئاماژەی بەوەدا كە رێوشوێنی ئەمنی توند لە ناوچەكەدا گیراوەتە بەر.
پێشتر فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی بەغدا لە بەیاننامەیەكدا بڵاوی كردەوە كە لە ئاكامی تەقیینەوەکەدا حەوت كەس كوژران و ١٤ی دیكەش بریندار بوون.
هاوكات رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی تەقیینەوەكە راگەیاند.