Zuhal Demirci
15 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 15 حوزەیران 2021
لەندەن - AA
بەریتانیا سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەیەکی شاری عەفرین لە سووریا کرد کە گیانلەدەستدانی ١٤ کەسی مەدەنی لێکەوتبووەوە.
نوێنەرایەتی تایبەتی بەریتانیا بۆ سووریا، لە رێگەی تویتەرەوە پەیامێکی لە بارەی ھێرشەکەی سەر نەخۆشخانەی شیفا لە عەفرین بڵاوکردەوە.
لە پەیامەکەی نوێنەرایەتی تایبەتی بەریتانیا بۆ سووریادا، ھاتووە، "نەخۆشخانەکان، مەدەنییەکان و کارمەندانی ھاوکاری ئامانج نين. بەریتانیا، بانگەوازی ھێمنی لە باکووری سووریا دەکات و داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکات پابەندی ئەو ئاگربەستە ببن کە ھەیە".
لای خۆیەوە وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە حکوومەتی بەریتانیا جێمس کلێڤێرلی، لە راگەیەندراوێکیدا سەبارەت بە ھێرشەکەی عەفرین، ئاماژەی بە پێویستی راگرتنی توندوتیژی کرد و گوتی، "دەبێت سەرجەم لایەنەکان پابەندی ئەو رێککەوتنی ئاگربەستە ببن کە ھەیە. دامەزراوە پزیشکییەکان، کارمەندانی تەندورستی و خەڵکی مەدەنیی بێتاوان ئامانج نین".
لە ئاکامی پەلامارێکی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/یەپەگە بۆسەر نەخۆشخانەیەک و ناوەندی شاری عەفرین لە باکووری سووریا، ١٤ کەسی گیانیان لەدەستدا کە یەکێکیان منداڵێکی ساوا بوو و ٣٢ کەسیش برینداربوون.