Dildar Baykan Atalay
17 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2022
واشنتۆن-AA
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن رایگەیاند ھاوکاریی نوێی بەرگریی بە بههای ٨٠٠ ملیۆن دۆلار پێشكهشی ئۆکراینا دهكهن کە دژەتانک، دژەفڕۆکە و فڕۆکەی بێفرۆکەوان لەخۆ دەگرێت.
جۆ بایدن لە رێوڕەسمێکدا لە کۆشکی سپی ئەو بڕیارنامهیهی واژووکرد کە ھاوکاریی نوێی بەرگریی بۆ ئۆکراینا لەخۆ دەگرێت.
ھەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئانتۆنی بڵینکن، سەرۆکی ئەرکانی سوپا، مارک میڵی و جێگری وەزیری بەرگریی کاتلین ھیکس، ئامادەی رێوڕەسمەکە بوون.
بایدن ئاماژەی بەوە کرد کە گەلی ئەمریکا وەڵامی بانگەوازی ھاوکاریی ڤۆڵۆدیمیر زیلینسکی-یان داوەتەوە و پاکێجی ١٣،٦ ملیار دۆلاریی ھاوکاریی ئۆکراینا بە پاڵپشتیی ھەردوو پارتەکە لە کۆنگرێس پەسەندکرا.
جەختی لەوەش کردەوە کە ساڵی پار به بههای ٦٥٠ ملیۆن دۆلار ھاوکارییان بۆ ئۆکراینا دابینکردووە و ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە رۆژی شەممە ١٢ی ئادار ھاوکاریی بەرگریی بە بههای ٢٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینا پەسەنکردووە.
سهرۆكی ئهمریكا ئاماژەی بەوەش کرد ئەمڕۆ پاکێجێکی نوێی ھاوکاریی بەرگریی بە بڕی ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بۆ ئۆکراینا راگەیاندووە و گوتی: "لە نێو ئەم پاکێجەدا ٨٠٠ سیستمی دژە فڕۆکە ھەیە. بەمشێوەیە ئۆکراینا دەتوانێت ئەو فرۆکە و ھێلیکۆپتەرانە رابگرێت کە کایەی ئاسمانیی دەبەزێنن. ھاوکاریی زیاتری سیستمی درێژمهودای دژەفڕۆکەی زیاتر و جبەخانە بۆ ئەم سیستمانە دابین دەکەین. جگە لەوە ئەم پاکێجە نۆ سیستمی دژهتانک لەخۆدەگرێت. ئەم سیستمه متمانەپێکراوە زۆر بەسوود دەبێت بۆ ھێزەکانی ئۆکراینا".
جۆ بایدن جەختی لەوە کردەوە کە ئەمریکا و ھاوپەیمانەکانی ھەموو کات ئامادەن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئۆکراینا و گوتی: "ئێستا لەگەڵتان راستگۆ دەبم، ئەمە شەڕێکی درێژ و سەخت دەبێت بەڵام پاڵپشتیی خەڵکی ئەمریکا بۆ ئۆکراینا ھەموو کات لە دژی ھێرشە بێڕەوشتانەکانی پوتین بۆسەر مەدەنییەکان بەردەوام دەبێت".