Hawkar Yaseen
01 ئاب 2021•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازیی کرد لە باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، مارتن هوس کە بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان "لە دیدارەکەدا، سەرۆکی حکوومەت سوپاسی باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپای کرد بۆ هەوڵەکانی لە پێناو برەودان بە پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکانی داهاتوویدا".
دواتریش "باڵیۆزی یەکێتیی ئەورووپا لە عێراق، وێڕای دەربڕینی سوپاس وپێزانینی خۆی بۆ کارئاسانی و هەماهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ باڵیۆزخانەی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی لە بەردەوامبوونی پشتگیریی یەکێتیی ئەورووپاش بۆ هەرێمی کوردستان کردەوە".
بەپێی راگەیەندراوەکە "بارودۆخی گشتیی عێراق و ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بووە".