Rewa Mahmut Hasan
23 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2016
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغلو پاش کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ماڵتاییەکەیدا کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی هاوبەشی رێکخست و ئاماژەی بە دوایین رەوشی پرسی هەڵگرتنی ڤیزای ئەورووپا لەسەر هاووڵاتییانی تورکیا و دوایین رەخنەکانی سەرکۆماری تورکیا لەمبارەوە کرد.
چاوشئۆغڵو رەخنەی لە هەوڵوێستەکانی یەکێتیی ئەورووپا گرت و رایگەیاند کە ناکرێت مامەڵەیەکی لەوچەشنە لەگەڵ وڵاتێکدا بکرێت کە ٦٧ تا ٦٩ مەرجی بەجێ گەیاندووە. لە بەشێکی تری گوتەکانیدا چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان بۆ هەنگاونان پرس بە گەل دەکەن و گوتی:
"بۆ نموونە ئێمە لەم دۆخەدا گوتوومانە، گۆڕانکاریی لە یاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆردا ناکەین. لە سەرەتاوە هەروەک چۆن هەندێک وڵاتی یەکێتیی ئەورووپا رایانگەیاندووە پرسی بە ئەندامبوونیی تورکیا لە یەکێتیی ئەورووپا دەبەنە ریفراندۆمەوە. ئێمەش دوای تەواوبوونی دانوستانەکان ئەوەی قسەی هەبێت لەوبارەیەوە بیکات گەلەکەمانە. ئێم وەک تورکیا لەگەلی خۆمان دەپرسین. واتە دوای تەواوبوونی دانوستانەکان هەڵبەت لە گەلەکەمان دەپرسین. ئێمە هێزی خۆمان لە گەلەوە بەدەست دەخەین، بۆ ئەو کاتانەش راستە کە وەستان لە دانوستانەکاندا دێنەئاراوە".
ئەو درێژەی دایە و گوتی: "چونکە ئێستا لەناو خەڵکدا جۆرێک لە بێ متمانەیی بەرامبەر یەکێتیی ئەورووپا دروست بووە کە بەڵێنەکانی جێبەجێ ناکات. لە ژێر فشارێکی زۆرداین هاووڵاتییانمان رەخنەمان لێ دەگرن. لە شوێنێک کە هێندە دژە تورکیا هەیە، داوا لە ئێمە دەکرێت کە هەنگاوی زیاتر بنێین یان چاوخشاندنەوەیەک بکەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولوود چاوشئۆغلو لە کۆتاییدا گوتی: "بۆیە ئەگەر لە هەنگاونان لەمبارەوە وەستان هاتەئاراوە، دوای ئەوەی کە ئەمانەش دەگوترێت وەک هەڕەشەیەک سەیر دەکرێت. ئەمە هەڕەشە نییە".