Sangar Hamad Azeez
23 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 24 حوزەیران 2016
شەوی رابردوو لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی یۆرۆ٢٠١٦دا، کریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی دوو گۆڵ لەگەڵ هەڵبژاردەی پورتوگال تۆمار بکات و بەم گۆڵانەش وێڕای ئەوەی هەڵبژاردەکەی بۆ قۆناغی داهاتوو سەرخات هاوکات توانی ژمارەیەکی پێوانەیی تازەش تۆمار بکات، ئەوەیش بریتیە لەوەی کە لەچوار یۆرۆدا توانیویەتی گۆڵ تۆمار بکات.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یۆرۆ٢٠٠٤دا دوو گۆڵی تۆمار کرد و لە یۆرۆ ٢٠٠٨دا یەک گۆڵی تۆمار کرد و لە یۆرۆ ٢٠١٢دا سێ گۆڵی تۆمار کردووە و لەم یۆرۆیەشدا "یۆرۆ٢٠١٦" تاوەکو ئێستا توانیویەتی دوو گۆڵ تۆمار بکات و هەڵبژاردەکەی بگەیەنێتە قۆناغی ١٦.
رۆناڵدۆ بە یەکەم یاریزان دادەنرێت لە مێژووی ئەورووپادا کە توانیبێتی لە چوار یۆرۆ گۆڵ تۆمار بکات و لە دوای ئەوەیش ئیبراهیمئۆڤیچی سویدی دێت کە لە سێ یۆرۆدا گۆڵی تۆمار کردووە و بەڵام لە یۆڕۆ٢٠١٦دا هەڵبژاردەکەی ماڵئاوایی لە جامەکە کرد و ئەوەیش نەیتوانی هیچ گۆڵێک تۆمار بکات ئەمە لە کاتێک کە بەهۆی بەتەمەن چوونیەوە بە یەکجاریی وازی لە یاریکردنی نێودەوڵەتی هێنا.