جيهان

بانگەشەی پەسەندکردنی پلانی هێرشی سەر ڕەفەح لەلایەن ئەمریکاوە لە بەرامبەر هێرشی نەکردنە سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە

Mehmet Alaca  | 18.04.2024 - نوێکردنەوە : 18.04.2024
بانگەشەی پەسەندکردنی پلانی هێرشی سەر ڕەفەح لەلایەن ئەمریکاوە لە بەرامبەر هێرشی نەکردنە سەر ئێران لەلایەن ئیسرائیلەوە

Ankara

ئەنقەرە - AA

بانگەشەی ئەوە کرا کە لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی هێرشێکی گشتگیردا بۆ سەر ئێران، ئەمریکا پلانی هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ڕەفەح پەسەند کردووە کە نزیکەی یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار ئاوارەی فەڵەستینی پەنایان بۆ بردووە.

بەپێی هەواڵێکی کەناڵی "عەرەبی جەدید" کە ناوەندەکەی لە قەتەرە و بە پشت بەستن بە لێدوانی بەرپرسانی میسری بڵاویکردووەتەوە، ئەمریکا و ئیسرائیل ڕێککەوتوون لەسەر هێرشی سەر ڕەفەح کە ماوەیەکی زۆرە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و دەکەوێتە باشووری کەرتی غەززە لە سنووری میسر.

لە کاتێکدا چاوەڕوانییەکان لە بارەی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی ١٣ی نیسان بەردەوامە کە تیایدا ئێران بە سەدان فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی کامیکازی، مووشەکی کروز و بالیستی دەستی بە هێرش کرد بۆ سەر ئیسرائیل و چەند ئامانجێکی لەو وڵاتە بۆردومان کرد. پێشهاتی نوێ سەبارەت بە پلانی هێرشی دواخراوی سەر ڕەفەح هاتووەتە ئاراوە.

بەرپرسێکی میسری کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت ڕایگەیاند: "لە بەرامبەر ئەنجامنەدانی هێرشێکی فراوان بۆ سەر ئێران، حکوومەتی ئەمریکا پلانی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی حکوومەتی داگیرکەر (ئیسرائیل)ی پەسەند کردووە کە پێشتر پێشکەشی کردووە".

بەرپرسەکان باسیان لەوە کرد کە حکوومەتی میسریش ئامادەکاریی کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی ئەگەری هێرشی سەر ڕەفەح.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهو کە دەیانجار دووپاتی کردەوە پلانی هێرشی سەر ڕەفەح پەسەند کراوە، لە هەشتی نیساندا ئاماژەی بەوە کرد کە وادەی هێرشەکە دیاری کراوە.

لە بەرامبەردا، تەلەڤيزیۆنی فەڕمی ئیسرائیل KAN، لە ١٤ی نیساندا بانگەشەی ئەوەی کرد پلانی هێرشی سەر ڕەفەح کە ناتانیاهۆ ئاماژەی بە دیاریکردنی وادەکەی کردووە، دواخراوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın