Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2018
سلێمانی ـ AA
سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان لە خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و كاندیدی سەركەوتووی حزبەكە بۆ خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەحمەد حاجی رەشید لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە بارەی دۆخی ئێستای عێراق و پێكهێنانی حكومەتی نوێ، هەروەها ململانێكانی ئەمریكا و ئێران و كاریگەرییان لەسەر عێراق، دابەزینی بەهای تمەنی ئێرانی و رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی ئابووری عێراق قسەی كرد.
ئەحمەد حاجی رەشید گوتی: "دۆخی ئێستای عێراق بەرەو ئاڵۆزبوون دەڕوات، دوای ئەوەی عێراق بووەتە بەشێك لەو هاوكێشە نێودەوڵەتییەی كە تەسفیەی حیساباتی هەندێك دەوڵەتی هەرێمی و جیهانی تێدا دەكرێت، بۆیە دۆخەكە بەشێوەیەكی ئاڵۆزتر دەڕوات".
گوتیشی: "دوای ئەوەی مەرجەعییەتی باڵای شیعەكان لە عێراق پشتگیری لە خۆپیشاندەرانی شارەكانی باشووری عێراق كرد، ئەمەش پەیامێكی تر بوو بەوەی كە بەو ئاسانییە حكومەتی نوێ پێك نایەت، لەگەڵ ئەوەشدا كە سەقفی بەرزی داواكاری هێزە سیاسییەكانمان بینی تائێستاش هەر ئەو داواكارییە بەرزەیە، بەم هۆیەوە دۆخی ئاڵۆزی عێراق بەو ئاسانییە دانامركێتەوە و ئاڵۆزییەكەی كۆتایی نایەت".
ئەحمەد حاجی رەشید باسی لە کاریگەری ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران لەسەر عێراق کرد و لەوبارەیەوە رایگەیاند: "ململانێكانی نێوان ئەمریكا و ئێران رۆژ لە دوای رۆژ توندتر دەبێتەوە ئەوەش وای كردووە ئابووری ئێران بەرەو دارووخان هەنگاو بنێت و بەهای دراوی ئەو وڵاتە دارووخانی زۆری بەخۆوە بینیوە، ئەو كاڵاو كەلوپەلانەیشی جاران ئێران دەیتوانی هەناردەی عێراقیان بكات و لە بازاڕەكانی عێراق ساغیان بكاتەوە، ئێستا توانای ئەوەی نییە و ئەو كارخانانەی لە ئێران ئەو كاڵایانەیان دروست دەكرد ئێستا كۆتایی بەوە هاتووە كە كاڵاكانیان هەناردە بكەن، ئەوەش بەشێكی پەیوەندی بەوەوە هەیە كە خەرجی كاڵاكانیان بۆ دەرنایەتەوە، بەشێكی تریشی پەیوەندی بەوەوە هەیە ئەو بەرهەمانەی ئێران بەشی زۆری مادە خامەكانیان لە دەرەوە دەهێنرێت و نرخەكەشی بە دۆلارە و زۆر لەسەریان دەكەوێت، بەم هۆیەشەوە كۆمپانیاكانی ئێران بەرەو ئەوە هەنگاو دەنێن كە یان مایەپووچبوونی خۆیان رابگەیەنن یان كارەكانیان رابگرن".
ئەو هەروەها گوتی: "دیوەكەی تریشی ئەوەیە كە رێگرتنە لەوەی ئێران بتوانێت بازاڕی عێراق بەكار بهێنێت، كە ئەگەر ئێران ئەوە لەدەستبدات ئەوا بازاڕێكی تری لەو شێوەیەی نییە كە بتوانێت كاڵا و كەلوپەلەكانی خۆی تێدا ساغ بكاتەوە".
ئەحمەد حاجی رەشید كە بڕیاری لیژنەی دارایی خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بوو لە بارەی دابەزینی گەورەی بەهای تمەنی ئێرانی و كاردانەوەی لەسەر بازاڕی عێراق زیاتر دوا و گوتی: "بەهۆی ئەوەی عێراق بازاڕەكەی گرێدراوە بە بازاڕی دەوروبەری و بازاڕی جیهانییەوە، لە ئێستادا رەنگە ئەگەر فریا نەكەون جێگرەوە بۆ بازاڕێكی تر دروست بكەن بەتایبەت بۆ بازاڕی توركی، بڕوام وایە عێراق جۆرێك لە قەیرانی بۆ دروست دەبێت، خاڵێكی دیکە كە هەیە ئەوەیە کە چین دێتە ناوچەكەوە و لە دوایین گرێبەست كە لەگەڵ دەوڵەتی كوێت ئەنجامی داوە بۆ ماوەی 99 ساڵ 450 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەكات لە چەند دورگەیەكی ئەو وڵاتەدا".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، لە كاتی ئێستادا و بە پاشەكشەكردنی بازاڕی ئێرانی لە عێراقدا، بازاڕی توركی لە عێراقدا جێگەی دەگرێتەوە، ئەوەش پێویستی بە كۆمەڵێك لێكتێگەیشتن هەیە لەگەڵ کۆماری توركیادا.
لە بەشێكی دیکەی لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو و لە بارەی چوونی شاندی لایەنە كوردییەكان پێكەوە بۆ بەغدا و گفتوگۆ و دانوستانەكانیان لەگەڵ لایەنە سەركەوتووەكانی دیکەی هەڵبژاردن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی، ئەحمەد حاجی رەشید گوتی: "لە ئێستادا باس و خواسی چوونە بەغدامان لەگەڵ هیچ كام لە یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، چونكە ئەجێندای ئەو دوو لایەنە زیاتر ئەجێندایەكی حزبییە لەوەی ئەجێندایەكی نیشتمانی بێت، بۆیە هیچ پەیوەندی و هەماهەنگییەكمان لەگەڵ ئەو دوو لایەنەدا نابێت، هەروەها سەردان و كۆبوونەوەكانی ئەوان لە بەغدا بۆ كێشەكانی ناوخۆیان دەچن چونكە لە 14ی ئەم مانگەدا دادگای ئیتیحادی دەبێت دۆسیەی نەوت یەكلایی بكاتەوە و سەردانەكانی ئەم دوو لایەنەش بۆ دۆسیەی نەوت و پشتیوانی كردنە لە عەبادی كە پێدەچێت داواكاری دەوڵەتێكی دەرەوەی عێراق بێت كە داوا لە كورد بكات كە لەبەرامبەر چارەسەركردنی كێشەی نەوتدا پشتیوانی عەبادی بكەن".
دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە 12ی ئایاری رابردوو بەڕێوەچوو و راگەیاندنی ئەنجامەكان، بەشێكی لایەنە بەشداربووەكانی پڕۆسەكە ئەنجامەكانیان رەتكردەوە و داوای هەژماركردنەوەی دەستی دەنگەكانیان كرد.
بەو هۆیەشەوە تائێستا دۆخی سیاسی وڵاتەكە سەقامگیری بەخۆوە نەبینیوە و خولی نوێی پەرلەمان نەیتوانیوە یەكەم كۆبونەوەی خۆی بكات، لایەنە سەركەوتووەكانی پڕۆسەكەش لەسەر پێكهێنانی حكوومەتی نوێ و كاندیدی سەرۆكوەزیران نەگەیشتوونەتە رێكکەوتن.