Hemin Hüseyin
02 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 02 ئاب 2018
هەولێر - AA
مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە زانای کورد کۆچەر بیرکار دەکات کە براوەی خەڵاتی فیڵدزە.
ماڵپەڕی فەرمیی مەسعود بارزانی بڵاوی کردووەتەوە، لە پەیامێکدا مەسعود بارزانی پیرۆزبایی لە کۆچەر بیرکار، ئەو زانایە کوردە دەکات کە خەڵاتی فیڵدزی پێبەخشرا.
لە پەیامەکەی بارزانی دا هاتووە: "بەخۆشحاڵییەکی زۆرەوە ھەواڵی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەم بیست کە بەڕێزتان لە بوارێکی گرینگ و زەحمەتی زانستیی وەک بیرکاریدا وەدەستتان ھێناوە، بێ گومان ئاواتەکەتان ھاتەدی و ئەو سەرکەوتنەتان دڵی ھەموو گەلی کورد خۆش دەکات و، من یەکێکم لەو چل ملیۆن کوردەی زۆر بەو سەرکەوتنەتان خۆشحاڵم و شانازییت پێوە دەکەم و، ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترت بۆ دەخوازم".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا بارزانی دا هاتووە: "زۆر جێگای خۆشحاڵییە کە گەنجی کورد دەتوانێت لەبواری زانستیدا پێشبڕکێ لەگەڵ زانایانی جیھان بکات و خەڵاتی نێودەوڵەتی وەربگرێت. ھیوادارم کاکە کۆچەر ببێتە سەرمەشق و نموونەی باڵا بۆ گەنجانمان و ھەوڵ بدەن وەک کاکە کۆچەر بە سەرکەوتن لە بواری خوێندن و زانستدا ناوی گەلەکەتان بەرز رابگرن".
کۆچەر بیرکار کە ناوی راستەقینەکەی فەرەیدون درەخشانی-یە، یەکێک لە مامۆستایانەی لە زانکۆی کامبریج لە وڵاتی بەریتانیا توانی خەڵاتی فیڵدز کە بەناوبانگترین خەڵاتی جیھانییە لە بواری زانستی ماتماتیکدا، بە دەست بێنێت.
فەرەیدون درەخشانی لەدایکبوونی ساڵی ١٩٧٩ی شاری مەریوانە و ماوەی نزیکەی ٢٠ ساڵ دەبێت لە وڵاتی بەریتانیا نیشتەجێیە و لە ساڵی ٢٠٠٦ وەکو پڕۆفیسۆری بیرکاری لە زانکۆی کامبرێج دەستبەکاربووە.
خەڵاتی فیڵدز لە ساڵی ١٩٣٦ زایینییەوە ھەتا ئێستا، لە لایەن دامەزراوەی فیلدز لە شاری تۆرنتۆ، ھەر چوار ساڵ جارێک بە دوو ھەتا چوار توێژەری خوار تەمەن ٤٠ ساڵ دەدرێت، کە لە بەشی بیرکاری لە جیھاندا کار دەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٦ خەڵاتی ئەنجوومەنی بیرکاری ئەمریکا بەخشراوە بە فەرەیدون درەخشانی و ٣ بیرکاریزانی دیکە.