Rawan Subhi Obaiullah
19 ئادار 2024•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2024
دھۆک - AA
بەھۆی ئەو بارانبارینە بەخوڕەی ئەمرۆ سنووری پارێزگای دھۆکی گرتەوە، بووە ھۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس و ھەروەھا زیانی زۆر بە ماڵ و ئۆتۆمبێلی ھاووڵاتییان کەوت.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دھۆک، بێوار عەبدولعەزیز لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئەنجامی ئەو لافاوەدا دووکەس گیانیان لەدەستداوە و چەند گەڕەکێکیش چۆڵکراون".
بێوار عەبدولعەزیز گوتیشی: "ئاو چووەتە نێو زیاتر لە ٥٠ ماڵەوە و زیاتر لە ٢٠ ئۆتۆمبێلیش ئاو بردوویەتی، چەند گەڕەکێکی دھۆکیش لەبەر مەترسییەکانی لافاوەکە چۆڵکراون و ئەو گەڕەکانەی مەترسیشیان لەسەر بێت چۆڵدەکرێن".
تیمەکانى بەرگریی شارستانی و شارەوانی و ھێزە ئەمنییەکانی دھۆک سەرجەمیان بەنێو ئەو گەڕەکانەدا بڵاوەیان پێ کراوە، بۆ ئەوەی زیانی لافاوەکە کەمتر بێت.