Sangar Hamad Azeez
22 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2018
واشنتۆن - AA
ئەگەری هەیە کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون کە بڕیارە لە ١٢ی حوزەیران لە وڵاتی سەنگاپور ئەنجام بدرێت، دوا بخرێت.
ترەمپ بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باشوور مون جای ئین لە کۆشکی سپی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ناوبراو سەبارەت بە کۆبوونەوەی نیوانی لەگەڵ سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون کە بڕیارە لە ١٢ی حوزەیران لە وڵاتی سەنگاپور ئەنجام بدرێت رایگەیاند ئامادەکارییەکان درێژەیان هەیە.
سەرۆکی ئەمریکا خۆی لە بابەتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە دزییەوە و گوتی: "دەبینین کە چی روودەدات. ئەگەر (لەو بەروارە) روونەدات رەنگە دواتر رووبدات. چەندین رێککەوتنم ئەنجامداوە و لە رێککەوتنەکان کەس نازانێت چی روودەدات. رەنگە ١٢ی حوزەیران گونجاو نەبێت".
ترەمپ سەبارەت بە بەرواری ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە گوتی: " لە نزیکترین کاتدا روونکردنەوە لەسەر بەرواری کۆبوونەوەکە دەدەین. لەئێستادا نامەوێت بچمە ناو وردەکارییەوە".
ترەمپ جەختی کردەوە لەوەی کە لە ئەگەری ئەنجامدانی رێککەوتن سەرۆکی کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون زۆر خۆشحاڵ دەبێت.
هەفتەی رابردوو ترەمپ سەبارەت بە بابەتەکە گوتبووی: "تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نەرێنیمان نەدیتووە و نەبیستووە. هەروەها هیچ زانیارییەکیش بەئێمە نەدراوە، چی روودەدات دواتر دەیبینین".