Zana Natık Kerem
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2016
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی جەزیرە لە پارێزگای ئەنبار، لیوا روكن قاسم محەمەدی رایگەیاند كە لە ئاكامی بۆردومانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانان لە رۆژئاوای رومادی، والییەكی رێكخراوی داعش كوژرا.
محەمەدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر گوتی: "زانیاری وردی هەواڵگرییمان پێگەیشت كە والی رێكخراوی داعش بە ناوی ئەبو عەڕاب لەناو یەكێك لە بارەگاكانی رێكخراوەكەیە لە گوندی واسلییە باكووری ناحیەی بەغدادی 90 كیلۆمەتری رۆژئاوای رومادی".
فەرماندەكە دەڵێت، دواتر ئەو زانیارییانە درایە فڕۆكەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە بە چڕی باڕەگای رێكخراوی داعشیان بۆردومان كرد و لە ئاكامدا، سەرجەم تیرۆریستەكانی داعش كە لەناو بارەگاكەدا بوون كوژران لەناویاندا والی داعش لە جەزیرەی بەغدادی "ئەبو عەڕاب" هەیە.
قاسم محەمەدی ئاماژە بەوەدەكات، ئامادەكارییەكان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی دوورگەی هیت باكووری قەزای هیت لە رێكخراوی داعش بەردەوامە و ئامادەكارییەكانیش خۆی لە دانانی پلانی سەربازیی و كۆكردنەوەی هێزەكانی عێراق دەبینێتەوە.
لە ئێستادا هێزەكانی عێراق ئامادەكاری دەكەن بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی تەواوی دوورگەی هیت، چونكە تیرۆریستانی داعش لەو دوورگەیەوە هاووڵاتییانی مەدەنی لە ناوەندی شاری هیت 70 كیلۆمەتر رۆژئاوای رومادی بۆردومان دەكەن.