Muhammet Ali Kemal
20 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2016
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بان کی مۆن ئاشکرایکرد لەسەرانسەری جیهاندا ١٣٠ ملیۆن کەس بەشێوەیەک لە شێوەکان پێویستییان بە هاوکارییە و ئەم ژمارەیەش یەکسانە بە ژمارەی دانیشتوانی ١٠هەمین گەورەترین وڵات لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە.
بان کی مۆن لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی رۆژی جیهانیی هاریکاریی مرۆییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەکردووە ئەم رۆژە بۆ یادکردنەوەی ئەو کەسانەیە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ ئەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان بگەیەننە ئەو کەسانەی کە ناتوانن ئەو پێداویستییانە بۆ خۆیان دابین بکەن.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: ''لەسەرانسەری جیهاندا ١٣٠ ملیۆن کەس بەشێوەیەک لە شێوەکان پێویستییان بە هاوکارییە و ئەم ژمارەیەش یەکسانە بە ژمارەی دانیشتوانی ١٠هەمین گەورەترین وڵات لە رووی ژمارەی دانیشتوانەوە''.
بان کی مۆن باسی لەوەکردووە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لووتکەی مرۆیی جیهانیی لە ئیستانبوڵ کۆبووەتەوە و لە لووتکەکەدا سەرکردەکانی جیهان بەڵێنی هاوکارییکردنی ئەو کەسانەیان داوە کە بەهۆی پێکدادانەکان، کارەساتە سرووشتییەکان و هۆکارە هاوشێوەکانەوە کەوتوونەتە دۆخێکەوە کە پێویستیان بە هاوکارییە.
رۆژی ١٩ی ئاب وەک یادکردنەوە و رێزگرتن لە قوربانیدانی ٢٢ کارمەندی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان کە لە ١٩ی ئابی ٢٠٠٣دا لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا، لە ئەنجامی تەقینەوەیەکدا گیانیان لەدەستدا، وەک رۆژی جیهانیی هاریکاریی مرۆیی دیاریکرا.