ئەمینە ئەردۆغان: "فێرکردن تاکە ھێزە بۆ پێشخستنی زیاتری مرۆڤایەتی"
ئەمینە ئەردۆغان ھاوسەری سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "بە دڵنیاییەوە ئێمە قەرزداری ئایندەیەکی گەشین بۆ منداڵانی ئۆکراینا، غەززە، سووریا و ئەفریقا و سەرجەم منداڵانی جیھان کە بتوانن بە ئومێدەوە سەیری بکەن".

Ankara
ئەنقەرە ــ AA
ئەمینە ئەردۆغان ھاوسەری سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان فێرکردنی بە تاکە ھێز وەسف کرد، لەوەی دەتوانێت دووبارە مرۆڤایەتی زیاتر پێشخات لە جیھانێکدا کە بەدەست جەنگ و نادادپەروەری و برسێتی دەناڵێنێت.
ئەمینە ئەردۆغان لە میانەی بەشداریکردنی لە پێنجەمین لووتکەی ھاوسەرانی سەرکردەکانی وڵاتان کە ئەمڕۆ ھەینی لە کیێڤ پایتەختی ئۆکراینا لەژێر دروشمی "فێرکردن کە جیھان پێکدەھێنێت" بەڕێوەچوو، لە ڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە گوتەیەکی پێشکەش کرد.
خانمی یەکەمی تورکیا ڕایگەیاند، جیھان جەوھەری ئەو بەھایانەیە کە مرۆڤ لە ناخیدا ھەڵیدەگرێت.
ڕوونیشیکردەوە کە دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەرانە، پارێزراو و ئاشتیخواز تەنھا لە ڕێگای عەقڵی پێشکەوتووەوە بەدەست دێت کە توانای دروستکردنی پردی ھاوسۆزی ھەیە.
ھەروەھا ئەمینە ئەردۆغان سوپاسی ئۆلینا زێلێنسکی ھاوسەری سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدۆیمیر زێلێنسکی کرد لە ھەمبەر سەرکردایەتیکردنی لەو دەستپێشخەرییە گرنگەی کە یارمەتیدەرە بۆ داھاتووی ھاوبەشی مرۆڤایەتی.
گوتیشی: "لەو باوەڕەدام، فێرکردنی تاکە ھێزە لەوەی دەتوانێت دووبارە مرۆڤایەتی زیاتر پێشخات لە جیھانێکدا کە بەدەست جەنگ و نادادپەروەری و برسێتی دەناڵێنێت".
ڕاشیگەیاند: "بە دڵنیاییەوە ئێمە قەرزداری ئایندەیەکی گەشین بۆ منداڵانی ئۆکراینا، غەززە، سووریا و ئەفریقا و سەرجەم منداڵانی جیھان کە بتوانن بە ئومێدەوە سەیری بکەن".