Heman Hussein Yaseen
04 ئەیلوول 2024•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2024
هەولێر - AA
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئییسلامی کوردستان، سەڵاحەدین محەمەد بەھائەدین پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق، ئانڵ بۆرا ئینان کرد.
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڵاویکردووەتەوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئییسلامی کوردستان، سەڵاحەدین محەمەد بەھائەدین بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە کارگێرانی ئەنجوومەنی جێبەجێکردن و سەرکردایەتی یەکگرتوو، پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق ئانڵ بۆرا ئینان و کۆنسوڵی تورکیا لە هەولێر، ئەرمان تۆپچو و شاندێکی یاوەری کرد.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دیدارێکدا بیروڕا لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کرا، تیاییدا ئەمینداری گشتی یەکگرتوو خۆشحاڵی خۆی بە دەستبەکاربوونی باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق دەربڕی و ھیوای سەرکەوتنی بۆ خواستووە لە ئەرکی نوێیدا.
ئەوەشخراوتەڕوو کە ھەر لە دیدارەکەدا باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق، سوپاسی یەکگرتووی ئیسلامیی کرد و جەختی لە پەرەپێدانی پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کردەوە، بەتایبەت لە بواری سیاسی، ئەمنی و بازرگانی.