Abdullah Abdulmanaf Shukur
09 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر - AA
سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد.
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە ماڵپەری فەرمی سەرۆکی پێشووی ھەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بڵاوکراوەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠، مەسعود بارزانی پێشوازیی لە شاندێک بە سەرۆکایەتی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئهمریكا بۆ کاروباری رۆژھەڵاتی نزیک، دەیڤد شنکەر و باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق، ماسیۆ تولەر و کۆنسوڵی ئەمریکا لە ھەولێر، رۆبێرت واڵەر کردووە.
لە کۆبوونەوەکەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەکە و دوایین پێشھاتەکان خراونەتە بەر باس و گفتوگۆ و تێیدا یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئهمریكا بۆ کاروباری ڕۆژھەڵات پاڵپشتیی وڵاتەکەی بۆ پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و ھەورەھا جەختیشی لە بەردەوامبوونی ئەمەریکا لە یارمەتیدان و راھێنانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆر کردووەتەوە.
ھەر لەمیانی کۆبوونەوەکەدا شاندی میوان پشتگیریی ئەمەریکای بۆ بەردەوامبوونی دانوساندنەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی دەستوور راگەیاندووە.
ھاوکات پرسەکانی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ھەرێمی کوردستان و ھەماھەنگیی نێوانیان تەوەرێکی دیکەی ئەو دیدارە بووه.
