Betül Yürük
10 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 10 ئەیلوول 2020
نیویۆرک-AA
١٩ ساڵ بەرلە ئێستا پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر روویاندا کە گەورەترین پەلاماری تیرۆریستی بوون لە مێژووی ئەمریکادا و تەواوی رەوشی ئابووریی و سیاسیی جیهانی گۆڕی.
ئەم پەلامارانە بوونە رێگاخۆشکەری لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر عێراق و ئەفغانستان.
ئەمساڵ شانبەشانی مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، یادی ١١ی سێپتەمبەر دەکرێتەوە کە ئەم رووداوانە بوونە هۆی کوژرانی نزیکەی سێ هەزار کەس، بەڵام تا ئێستا زیاتر لە ١٩٠ هەزار کەس بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد تڕەمپ پەتای کۆرۆنا بە شتێکی زۆر مەترسیدارتر لە پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر وەسف دەکات و چین بە سەرچاوی ئەم پەتایە و دوژمنی نوێی وڵاتەکەی ناودەبات.
زۆرێک لەو کەسانەشی شایەتحاڵەی رووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر بوون پێیان وایە کۆرۆنا زۆر زیاتر لەو پەلامارە، ئابووری ئەمریکای وێران کردووە.
- لە ١١ی سێپتەمبەری ٢٠٠١دا چی روویدا؟
بەیانی ١١ی سێپتەمبەر لەڕێی دوو فڕۆکەی نەفەرهەڵگرەوە هێرشکرایە سەر دوو تاوەری بازرگانیی ئەمریکا لە شاری نیویۆرک.
ئەمەیش دوای ئەوە هات کە لەلایەن گرووپێک چەتەوە چوار فڕۆکەی نەفەرهەڵگر رفێندران.
دوو لە فڕۆکەکان هەردوو تاوەری بازرگانیی نیویۆرک-یان کردە ئامانج، فڕۆکەیەکی دیکەشیان خۆی کێشا بە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن).
کۆتا فڕۆکەش لە ویلایەتی پێنسلڤانیا لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا لە جۆری "F-16" خرایەخوار.
بەهۆی ئەو زنجیرە پەلامارەیشەوە دوو هەزار و ٩٧٧ کەس کوژران.
دواتر رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە بەرپرسیارییەتی خۆی لە ئەنجامدانی پەلامارەکان راگەیاند.
- گۆڕانکارییەکانی جیهان دوای پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر
ئەمریکا لە یەکەم وەڵامدا بۆ پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە، ئەفغانستان-ی کردە ئامانج.
سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا، جۆرج بۆش بەهۆی ئەوەی تاڵیبان رەتی کردەوە سەرکردەی رێکخراوی تیرۆریستیی ئەلقاعیدە، ئوسامە بن لادن رادەستی واشنتۆن بکات لە حەوتی تشرینی یەکەمی ٢٠٠١دا لەشکرکێشی بۆ ئەفغانستان ئەنجامدا و رژێمی تاڵیبانی رووخاند.
دواتر حامید کارزای دەسەڵاتی لە ئەفغانستان گرتەدەست کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ رۆژئاوا هەبوو، بەڵام ئەم لەشکرکێشییە نەک هەر نەبووە هۆی لەناوبردنی تیرۆر، بەڵکو ئەفغانستان-ی کردە پەناگەیەکی ئارام بۆ رێکخراوە تیرۆریستییەکان، بەجۆرێک لەسەرەتای لەشکرکێشییەکەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ هەزار هاووڵاتی مەدەنی و دوو هەزار و ٤٠٠ سەربازی ئەمریکی کوژراون.
- داگیرکردنی عێراق
دوابەدوای ئەفغانستان، عێراق بووە ئامانجی دووەمی ئەمریکا.
لە ٢٠ی ئاداری ٢٠٠٣دا ئەمریکا بەتۆمەتی بوونی چەکی کیمیاوی هێرشی کردە سەر عێراق و حکوومەتی سەدام حسێن-ی رووخاند.
دوای ئەم داگیرکارییەی ئەمریکا، عێراق بووە مەیدانی پێکدادانی مەزهەبی و سەدان هەزار هاووڵاتی مەدەنی بەهۆیەوە کوژران، بریندار و بێسەروشوێن بوون.
بەم شێوەیە عێراق بووە یەكێک لە ئاڵۆزترین و نائارامترین وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لانەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە نوێترینیان رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوو.
- رەوشی جیهانی نوێ
دوای پەلامارەکانی ١١ی سێپتەمبەر نەک تەنها لە ئەمریکا، بەڵکو لە تەواوی وڵاتانی جیهان رەوشی ئاسایشی نیشتمانیی گۆڕانی بەسەردا هات و وڵاتان بوودجەیەکی گەورەتریان بۆ لایەنی ئەمنی تەرخان کرد.
ئیدی نەک تەنها چەکی کیمیایی و کۆمەڵکوژ بەڵکو هەموو ئۆتۆمبێل، کەس و تەنانەت پاکەتێکی گومانلێکراو وەک هەڕەشەی تیرۆر لێکدانەوەی بۆ کرا.
لە هەموو شوێنە گشتییەکان و بەتایبەت فڕۆکەخانەکاندا، رێوشوێنی ئەمنی توندتر گیرانەبەر بەمشێوەیە تێڕوانینێکی نوێ بۆ چەمکی ئاسایش هاتە ئاراوە.
- پەیوەندی نێوان رووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر و ئیسلامۆفۆبیا
رووداوەکانی ١١ی سێپتەمبەر بووە هۆی دروستبوونی شەپۆلێکی گەورەی کینە و ناڕەزاییەتی دژبە موسڵمانان لە وڵاتانی رۆژئاوا و قوڵبوونەوەی ئیسلامۆفۆبیا.
بەتایبەت ئەم دیاردەیە لە قۆناغی دەسەڵات گرتنەدەستی دۆناڵد تڕەمپ گەیشتە لووتکە، بەجۆرێک هەر لە رۆژەکانی سەرەتای دەسەڵاتیدا گەشتکردنی هاووڵاتییانی ژمارەیەک لە وڵاتە ئیسلامییەکانی بۆ ئەمریکا قەدەغە کرد.