Mazın Asad,Abdullah Shukur
08 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 09 تەمووز 2017
مۆسکۆ - AA
وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی لاڤرۆڤ رایگەیاند: "ئەمریکا و رووسیا لەسەر بەستنی ئاگربەست لە باشووری رۆژئاوای سووریا گەیشتنە رێککەوتن. رێککەوتنەکە لە ٩ی تەمووز دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لاڤرۆڤ ھەڵسەنگاندنی لەسەر کۆبوونەوەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین لە پەراوێزی لووتکەی G20 کرد.
وەزیری دەرەوەی رووسیا ئاماژەی بەوە دا کە ئەمریکا و رووسیا بۆ بەستنی ئاگربەست لە باشووری رۆژئاوای سووریا گەیشتنە رێککەوتن و گوتیشی: "رێککەوتنەکە شارەکانی کونەیترا و دێرای باشووری رۆژئاوای سووریا دەگرێتەوە و لە ٩ی تەمووز کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ بەکاتی دیمەشق دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە".
لاڤرۆڤ روونیشی کردەوە کە ئەمریکا بەڵێنی داوە بۆ ئەوەی گرووپە چەکدارانەکانی ناوچەکە پابەندی رێککەوتنە بن و زیاتر گوتیشی: "ئاسایشی ناوچەکانی داماڵدراو لە پێکدادان بەشێوەیەکی ھەماھەنگ لە نێوان ئەمریکا، ئوردن و سەربازانی رووسیا دەستەبەر دەکرێت".
لاڤرۆڤ راشیگەیاند کە کۆبوونەوەکان لەبارەی پێکھێنانی "ناوچەی داماڵدراو لە پێکدادان" لە باکووری سووریا بەردەوامە و گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی چەند رۆژێک پێش ئێستای ئاستانا، لێک تێگەیشتنێک لە بارەی ناوچەکانی حومس و غوتا ھاتووەتە ئاراوە".
-ئۆکرانیا، کۆریای باکوور و پرسی ھێرشی ئەلیکترۆنی
لاڤرۆڤ ئاشکراشی کرد کە لە کۆبوونەوەکەی ترەمپ و پوتین تاوتوێی پرسی ئۆکرانيا کراوە و ھەردوو سەرۆکەکە ھاوڕابوونە لەسەر پێکھێنانی کەناڵێکی پەیوەندی ھاوبەش لەمەڕ پێشخستنی رێککەوتننامەی مینسک.
لاڤرۆڤ راشیگەیاند کە بە بەشداری خۆی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، رێکس تیلەرسن لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر بەردەوامی دیالۆگ لە گشت بابەتەکانی نێودەوڵەتی بە تایبەتی پێشھاتەکانی کۆریای باکوور کراوە.
لاڤرۆڤ ئەوەشی خستەڕوو کە پرسی ھێرشی ئەلیکترۆنی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لێوە کراوە و گوتیشی: "لەمبارەیەوە گرووپێکی کاری ھاوبەش لە نێوان ئەمریکا و رووسیا پێکدەھێنرێت".