Ramal Abdullah Mahmood
08 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 08 تەمووز 2017
هامبۆرگ – AA
بەهۆی خۆپیشاندانەکان لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا کە لووتکەی سەرکردەکانی G20 لێ بەڕێوەدەچێت، پۆلیس بە توندی هەوڵی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکانی دا و بەشێکی شەقامی Schulterblatt لە ناوچەی Schanzenviertel کۆنتڕۆڵ کرد.
بەهۆی ئاگربەردانە بەربەستە دانراوەکان لەلایەن خۆپیشاندەران و مەترسی زیاتر دروستکردن بۆ سەر شەقامی Schulterblatt ژمارەیەکی زۆری تیمەکانی پۆلیس و تیمەکانی ئاسایش بە چەکی قورس رەوانەی ناوچەکە کران.
تیمەکانی ئاسایش دوای ئەوەی زانیاری ئەوەیان بەدەست گەیشت خۆپیشاندەران سەرقاڵی ئامادەکارین بۆ هێرشکردنە سەر پۆلیس بە مۆلۆتۆف، هەوڵی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکەیان دا لە Schulterblatt هەروەها هێزە ئەمنییەکان چوونە ناو ماڵەکانی سەر شەقامەکە و لە سەربانی تەلارەکان جێگیرکران.
تیمەکان توانیان لە رێگەی بەکارهێنانی ئاوی قەتیسکراو و گازی بیبەری بڵاوە بە خۆپیشاندەرەکان بکەن کە بەرد و شووشەیان لە تیمەکان دەگرت. ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران دەستگیرکران و ژمارەیەکی دیکەیشیان هەڵاتن بۆ نێو کۆڵانەکان.
دوای چوونە ناوچەکە پۆلیس رایگەیاند کە بەشێکی شەقامەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە.
لە خۆپیشاندانەکانی ناوچەی Schanzenviertel ژمارەیەک لە هێرشکاران لە شێوەی گرووپی بچووکدا زیانیان بە دەوروبەرەکە گەیاند و بەردەوام بوون لە تاڵانکردنی کۆگاکان.
خۆپیشاندەران دواتر لە ناوچەی Schlump بەربەستیان دانا و هێرشیان کردە سەر پۆلیس، پۆلیسیش رێگای هاتوچۆی ناوچەکەی داخست و دەستی وەردایە خۆپیشاندانەکە.
لە ئاکامی ئەو خۆپیشاندانانەی دوێنێ لە هامبۆرگ دەستیان پێکرد ژمارەیەکی زۆری ئۆتۆمبێل ئاگریان تێبەردرا، خۆپیشاندەران ئەو بەربەستانەیشیان سووتاند کە هێزە ئەمنییەکان دایاننابوون و بەریەککەوتن لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران روویدا. لە رووداوەکەدا ١٩٧ پۆلیس برینداربوون.