Mücahit Oktay
01 کانوونی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 01 کانوونی یەکەم 2021
نیویۆرک - AA
لە هێرشێکی چەکدارییدا بۆ سەر خوێندنگەیەکی ئامادەیی لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکا، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و شەش کەسی دیکەش برینداربوون.
ئۆفیسی پۆلیسی ناوچەی ئۆکلاند، بڵاوی کردەوە کە لە خوێندنگەی ئامادەیی ئۆکسفۆرد، خوێندکارێک بە چەکەوە چووەتە ژوورەوە و شەش کەسی بریندار کردووە و سێ کەسیشی کوشتووە.
جێگری سەرۆکی ئۆفیسەکە، مایک مکابی، ئاماژەی بەوە کرد لە چەکی ئەو خوێندکارەی دەستگیرکراوە ١٥-٢٠ فیشەک دەرچووە، لە کاتی دەستگیرکردنیدا ئەنجامدەری هێرشەکە هیچ بەرگرییەکی نەکردووە.
مکابی باسی لەوە کرد کە ئەنجامدەری هێرشەکە رەتی کردووەتەوە قسە لەسەر هۆکاری ئەنجامدانی ئەو تاوانە بکات و، گوتی: ''بەو خاڵە گەیشتووین کە بە تەنیا ئەوەی کردووە''.
ئەوەیش خرایەڕوو کە ئەنجامدەری هێرشەکە خوێندکارێکی تەمەن ١٥ ساڵانە کە خوێندکاری هەمان خوێندنگەیە.