Hakan Çopur
15 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2018
واشنتۆن – AA
لە ئاکامی هێرشێکی چەکداری لە لایەن کەسێکی تەمەن ١٩ ساڵ، بە ناوی نیکۆڵاس کروز بۆ سەر ئامادەیی ستۆنێمان دۆوگڵاس لە شاری برۆوارد سەر بە ویلایەتی فلۆریدا باشووری رۆژهەڵاتی ئەمریکا، لانیکەم ١٧ کەس کوژران.
بەڕێوەبەری پۆلیسی برۆوارد لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند "لە ئاکامی هێرشێکی چەکداری لە لایەن کەسێکی تەمەن ١٩ ساڵ بە ناوی نیکۆڵاس کروز بۆ سەر ئامادەیی ستۆنێمان دۆوگڵاس، لانیکەم ١٧ کەس کوژراون. ئەنجامدەری هێرشەکە پێشتر قوتابی ئەو قوتابخانەیە بووە".
ژمارەیەک لە بەرپرسانی پۆلیسیش ئاماژەیان بەوە داوە ئەنجامدەری هێرشەکە لە دەرەوەی کەمپی قوتابخانەکە بێ کێشە دەستگیرکراوە.
دوای ئەنجامدانی هێرشەکە لە دوای نیوەڕۆ بە کاتی ئەمریکا، پۆلیسی ناوچەیی دەستبەجێ دەگاتە شوێنی رووداوەکە و قوتابخانەکە دادەخات و هەموو قوتابیان دەنێرنەوە ماڵەوە.
لەبارەی رەوشی بریندارانی ئەو رووداوەش کە گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکان زانیاری نەدراوە.
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدرالی ئەمریکا (FBI)یش بەردەوامە لەو لێکۆڵینەوەی لەمبارەیەوە دەستی پێکردووە.
چەند کاتژمێرێک دوای رووداوەکە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند "هاوخەمی کەسوکاری ئەو قوربانیانەین کە لە هێرشێکی ترسناکدا لە فلۆریدا گیانیان لەدەست دا. نابێت هیچ مامۆستا و قوتابی و هاووڵاتییەکی ئەمریکی هەست بە نەبوونی ئاسایش بکات لە قوتابخانەی خۆی".